میترۆ: پێویستە راگرتنی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 181‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لەڕۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت، سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت.

(ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووەمی 2019) لە رۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، بەهاوكاری رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت، رێوڕەسمێكیان رێكخست.

رەحمان غەریب، رێكخەری  سەنتەری میترۆ بە دواڕۆژی راگەیاند: هەرێمی كوردستان و عێراق ژینگەیەكی لەبارن بۆ دەربازبوونی بكوژان لەو تاوانانەی بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران ئەنجام دەدەرێن، بكەرانی تاوانەكان یان نەناسراون، یان ناسراون و بە ئازادانە لە ناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە، كەیسەكانی رۆژنامەنووسانی تیرۆركراو سۆرانی مامە حەمە، د.عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن نمونەی زەقی دەبازبوونی بكوژانە لە تاوان.

وتیشی: "دەربازبوون لە سزا بەشێكە لە بازنەی توندوتیژی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەهەرێمی كوردستان ئیرادەیەكی سیاسی هەیە كە بیەوێت دژی بوەستێتەوە، وەڵامەكە: تائێستا نەخێر. بۆیە دەبێت خەباتی مەدەنی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە جۆشتربن بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو تاوانانە، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە كەلتوری دەربازبوون لەسزا و پەلكێشكردنی ئەنجامدەرانی بۆ بەردەم یاسا".

رەحمان غەریب روونیكردەوە: ماوەیەكە كۆمەڵێك داوای یاسایی بەرامبەر كۆمەڵێك رۆژنامەنووس لە شارەكانی هەولێر و كەلار تۆماركراون، ئەوان لە میترۆ هەڵوێستی خۆیان، بە دەركردنی بەیاننامە و لێدوان بۆ میدیاكان خستەڕوو كە پەنابردن بۆ یاسایەكی دیكە جگە لە یاسای رۆژنامەگەری لە كەیسەكانی رۆژنامەنووسان شێوازێكی تری فشارە بۆ سەر رۆژنامەنووسان و داوایانكرد هەموو ئەو كەیسانە لە چوارچێوەی یاسای كاری رۆژنامەنووسی بەڕێوەبچن، یاساكان نەكەنە ئامرازی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنووسان.

ئه‌وه‌شى وت: "لێرەوە جەختدەكەینەوە پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت. لەكاتی لادان و تاوان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن كارمەندی بواری گشتی یاسا رێگەی داوە ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت، بۆیە باشترە لەبری سانسۆر و رێوشوێنە یاساییەكان ئەو كەسانە رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن، خۆ ئەگەر رێگەی یاسایش دەگرن ئەوا با یاسای تایبەت بێت بە كارەكەمان، یاسای كاری رۆژنامەگەری نەك یاسایەكی تر".

كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 2013وە، رۆژی 2ی تشرینی دووەمی دیاریكردووە وەك رۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام كردووە رێوشوێنی دیاریكراو بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی فەرهەنگی دەربازبونی تاوانباران لە سزا بگرنەبەر.

بەپێی ئامارەكانی كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان، لە 10 ساڵی رابوردوودا 324 رۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهاندا تیرۆركراون، لەو ژمارەیە 86%ی بكەرانی ئەو تاوانانە دەربازیان بووە لە سزا و بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادن‌ و دەستی دادپەروەری پێیان نەگەیشتووە.

 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە