نه‌قیبه‌كه‌ی سلێمانی چه‌ند غه‌مگینه‌

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 142‌ جار بینراوە
بنار هیدایه‌ت

 بنار هیدایه‌ت
ئێستا له‌ ده‌باشان، ژنێك له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ده‌م كێشانی جگه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای سلێمانی ده‌كات، ئه‌و سلێمانییه‌ی جاران چه‌ند جوان و چه‌ند پاك بوو، ئێستا ژینگه‌ی سیاسیی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیداری ئه‌وه‌نده‌ پیس بووه‌ به‌هه‌موو هه‌وای سه‌ر زه‌مین پاك نابێته‌وه‌. ئاخر ژنێك هه‌موو ته‌مه‌نی دوای شاخی بۆ خزمه‌تی شارێك به‌سه‌ر بردبێت، چه‌ند ئه‌سته‌مه‌ بیری لێ نه‌كاته‌وه‌.

جاران ته‌له‌فزیۆنی خاك سه‌رتۆپی هه‌موو راگه‌یاندنی كوردی بوو. ته‌ماشایه‌كی گه‌له‌ری زاموای جاران و ئێستا بكه‌. به‌راوردێك بكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ی چه‌ندین ساڵ به‌ر له‌ئێستا و هه‌نووكه‌. ئه‌ی سه‌رای سلێمانی و منداڵ پارێز و سه‌نته‌ری گه‌نجان. ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌ جوانه‌ی ژنێك  به‌ته‌نیا له‌ سلێمانی بۆ ئه‌م شاره‌ی كرد. هاوسه‌ر هاوسه‌نگی وڵاتێكی راگرتبوو، خۆشی شارێكی به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌ ده‌برد.. ئێستا چی..!

ئاخر خانمێك به‌ته‌نها سه‌دان كاری كردبێت بۆ سلێمانی، ئێستا چی بڵێت كه‌ ته‌واوی جه‌سته‌ی ئه‌م شاره‌ پڕ له‌برینه‌، له‌سه‌رده‌می حاكمێتی ئه‌ودا ئاگاداری رووخانی خانوو، سوتانی گڵۆپ و نه‌خۆشكه‌وتنی منداڵێكی فه‌قیر بوو، له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا سلێمانی چه‌ند خۆش و ئێستا هه‌ناسه‌ی هه‌ڵمژینی تێدا نه‌ماوه‌. حه‌پسه‌كه‌ی سلێمانی چی بۆ ئه‌م شاره‌ نه‌كرد، هه‌ر به‌ته‌نها باڵانسی هێزی راگرتبوو. ئاگاداری خوێندكار و مامۆستا و دكتۆر و حه‌ماڵێكی ئه‌م شاره‌ بوو.. ئه‌ی ئێستا كێ ئاگاداری ئه‌م شاره‌یه‌...!

ئێستا سلێمانی پره‌ له‌ململانێی سیاسیی و ئیداری و سه‌رتۆپی گه‌نده‌ڵی چه‌ند نا به‌رپرسێك، ده‌یانه‌وێت سیمای ئه‌م شاره‌ له‌ مێژوویه‌كی پڕ خه‌باته‌وه‌ به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی بازرگانێتی خۆیان ببه‌ن، ده‌یانه‌وێت كارگه‌ی جگه‌ره‌ و چه‌قچه‌ق و باخی به‌ختیاری و سمبوله‌كانی ئه‌م شاره‌ به‌ره‌و باڵه‌خانه‌ی به‌رز، به‌ره‌و كارگه‌ی جگه‌ری به‌ستوو و دووگی مه‌یوو و ده‌رمانی به‌سه‌رچوو و كۆمپانیای وه‌به‌رهێنان ببه‌ن، له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا ئه‌م كارانه‌ بڤه‌ بوون بڤه‌... داخه‌كه‌م پیربوون رێگه‌ له‌هه‌موو كارێكی باش ده‌گرێت. ئه‌وه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و یادگارییه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌م شاره‌ی كرد، سه‌د حاكم و سه‌د سه‌ده‌ی تر كه‌س ناتوانێت بیكات. ده‌ په‌یكه‌رێكی له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م شاره‌ بۆ دروست بكه‌ن و له‌ ژێریدا بنوسن "حه‌پسه‌ و ئه‌لیزابێس و شاژنه‌كه‌ی سلێمانی".
ته‌خوینم مه‌كه‌ن له‌به‌ر كوڕ یا هه‌ر كه‌سی تر ی هێرۆخان ئه‌مه‌م نوسیبێت، ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌ و منیش نه‌بم كه‌سانی تر ده‌یبینن ئه‌گه‌ر كوێر نه‌كرابن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure