عه‌بدولمه‌هدى؛ جه‌نگاوه‌رێك به‌ته‌نیا له‌به‌رانبه‌ر قه‌یرانه‌كاندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 883‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
ته‌مه‌نى 77 ساڵه‌ و زیاتر له‌ نیوه‌ى ته‌مه‌نى له‌ خه‌بات له‌دژى دیكتاتۆرى به‌سه‌ر بردووه‌، ئه‌مه‌ ساده‌ترین ناونیشانى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكی وه‌زیرانى ئێستاى عێراقه‌ كه‌ نه‌ خاوه‌نى گروپى چه‌كداریى و نه‌ حیزبێكى له‌پشته‌وه‌یه‌، ئه‌و به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ناوى عێراقه‌.

هه‌ڵگرتنى قورسایی گه‌نده‌ڵى ئیداریی و دارایی سێ حكومه‌تى پێش خۆى و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌كردنى و بڕینى ده‌ستى ئه‌وانه‌ى به‌رژەوه‌ندییان له‌به‌رده‌وامى ئه‌و دۆخه‌دا هه‌یه‌ وای كرد به‌شێك له‌ كاره‌كته‌ره‌سیاسییه‌كان دژى بن، به‌ڵام هاوسۆزى جه‌ماوه‌رى نه‌دۆڕاند.

عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌خێزانێكى ناسراو و خه‌باتگێرى عێراقە، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌یه‌ له‌بوارى ئابورى له‌ زانکۆیەکی فڕه‌نسا، ئه‌و له‌لایه‌ن رژێمى سه‌دام حسێنه‌وه‌ بڕیارى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌ركرا، له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامییه‌وه‌ و له‌و كاته‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ كوردا هه‌بووه‌.

سیاسه‌تی نه‌رم و بێلایه‌نانه‌ى عه‌بدولمه‌هدى وایكرد بیكاته‌ یه‌كێك له‌و ئه‌ستێره‌ سیاسییه‌ ده‌گمه‌نانه‌ى كه‌ له‌ عێراقى دواى 2003 به‌ پاكى مابێته‌وه‌، ئه‌و خه‌مى پۆست نه‌یبرده‌ باڵاترین پۆست كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانه‌ به‌ڵكو خه‌مى چاكردنه‌وه‌ى هه‌ڵەی پێشینه‌كانى و گه‌ڕاندانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ هاووڵاتیان وایكرد كه‌ داواى لێبكرێت ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت.

واسق هاشمى سه‌رۆكى ناوه‌ندى عێراقى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان به‌ دواڕۆژى وت:"ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ئێستا له‌ عێراق رووده‌دات زاده‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ى حكومه‌ت نین، به‌ڵكو كێشه‌ى كه‌ڵه‌كه‌ بووى حكومه‌ته‌كانى پێش خۆیه‌تى كه‌ هاووڵاتیان له‌ به‌ڵێنه‌كانى ئه‌وان بێ متمانه‌بوون".

هاشمى ده‌ڵێت:" عه‌بدولمه‌هدى شانى دایه‌ به‌ر هه‌ڵه‌ى ئه‌وانى تریش چونكه‌ نه‌ میلیشیاى چه‌كدارى هه‌یه‌ نه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كى به‌هێزى شیعه‌كانه‌ و نه‌ حیزبیشی هه‌یه‌".

سه‌رۆكى ناوه‌نده‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا خۆپیشانده‌رانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن عه‌بدولمه‌هدى هۆكارى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌یه‌ و ده‌شزانن كه‌ گۆچانی ئه‌فسوناوى به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ هه‌موو دۆخه‌كه‌ى به‌یه‌كجار پێ چاك بكرێت، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌ چینه‌ سیاسیه‌كه‌دایه‌ كه‌ كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى پێشتر پاڵپشتی بوون ئێستا پشتیان تێكردووه‌".

عادل عه‌بدولمه‌هدى كاتێك ده‌ستى له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى كێشایه‌وه‌ كه‌ له‌وپه‌ڕى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا بوو له‌و حیزبه‌دا، حیاوازى تێڕوانینى سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى حیزب و كارى سیاسیى وایكرد كه‌ بێ لایه‌نى پێ باشتر بێت له‌ پۆستێكى باڵاى له‌ حیزبدا كه‌ ئۆباڵى به‌شێك له‌ خراپى دۆخه‌كه‌ى له‌ئه‌ستۆ بێت و به‌شدار بێت ئه‌و لادانانه‌ى كه‌ هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له‌وانى تر جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆى و دۆسیه‌كه‌ى ده‌ستى عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات به‌بێ ئه‌وه‌ى كوتله‌یه‌كى په‌رله‌مانى هه‌بێت كه‌ سازانى بۆ بكات تاوه‌كو له‌ گوشار و كوده‌تا سیاسیه‌كان دوورى بكه‌خه‌وه‌، ئه‌و به‌ته‌نها ركابه‌رى له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا ده‌كات.

خاڵه‌ به‌هێزه‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى خاڵى لاوازى نه‌یاره‌كانى بوو، به‌وپێیه‌ى له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستى برد بۆ كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانى تر ده‌یانشارده‌وه‌و ئاشكرابوونى قه‌ده‌غه‌ بوو، گه‌نده‌ڵى كه‌ به‌ شێرپه‌نجه‌ى جه‌سته‌ى عێراق ناوده‌برێت ئه‌و هه‌وڵیدا چاره‌سه‌رى بكات سه‌ره‌ڕاى رێگرییه‌كان و توانیشی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنێت كه‌پێشتر نه‌نرابوون.

وه‌رگرتنى وه‌زیر به‌ سیڤی و  شه‌فافه‌یه‌ت له‌ده‌نگدان به‌ پاڵێوروانى كابینه‌كه‌ی و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌ده‌نى بوونى وه‌زیرانى ناوخۆ و به‌رگرى ئه‌سته‌مێكى زۆرى خسته‌ به‌رده‌م كه‌ ئێستاش ده‌رهاویشته‌كانى به‌رده‌وامه‌ و به‌شێك له‌و حیزبانه‌ى زیانیان له‌ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى ده‌وڵه‌ت پێگه‌یشت به‌نهێنى و به‌ ئاشكرا له‌دژى كار ده‌كه‌ن.

ئه‌و په‌یوه‌ندى پچڕاوى نێوان شیعه‌كانیشی چاكرده‌وه‌و متمانه‌ى بۆ سوننه‌كانیش گه‌ڕاندانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تدا كه‌ له‌ خوله‌كانى رابردوودا لێى ته‌ره‌ ببون.

له‌گه‌رمه‌ى ئه‌و گوشارانه‌ى له‌سه‌رێتى دیارترین به‌رگرى كه‌ لێى كرا سوننه‌كان بوون هه‌رچه‌نده‌ خۆى له‌ خێزانێكى شیعه‌ مه‌زهه‌به‌.

خه‌میس خه‌نجه‌ر سكرتێرى گشتى پڕۆژه‌ى عه‌ره‌بى كه‌ دیاترین هێزى سوننه‌ى عێراقه‌ له‌ تویتێكدا ده‌ڵێت :" ته‌مه‌نى ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌نها ساڵێكه‌ ، ئه‌گه‌ر  ئۆباڵى كێشه‌كان بخرێته‌ سه‌رشانى ئه‌م حكومه‌ته‌ سته‌مه‌ و جوان نییه‌ بۆ سه‌ركرده‌ ساسییه‌كان، ده‌بێت په‌رله‌مانیش به‌خۆیدا بچێته‌وەو كار له‌سه‌ر بێهێزكردنى حكومه‌ت نه‌كات". ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رگرى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ شیعه‌كان پشتیان به‌ گوشارى ئێران به‌ست بۆ دوور خستنه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ره‌شه‌با كه‌شتى ویسته‌كانى به‌ره‌و شوێنێكى تر بردن و دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌ كه‌ به‌پێى راپۆرتێكى ئاژانسى رۆیته‌زر قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسی ئێران هۆشدارى داوه‌ته‌ نزیكترین هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كانى له‌ عێراق له‌ هه‌وڵدان بۆ  له‌سه‌ر كارلادانی عه‌بدولمه‌هدى و له‌پاڵیشیدا وڵاته‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئه‌وپه‌یامه‌یان به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گه‌یاندووه‌ به‌وه‌ى ده‌ستبردن بۆ عه‌بدولمه‌هدى"بڤه‌یه‌".

سه‌رۆك وه‌زیران له‌ هاوكێشه‌ى په‌یوه‌ندى به‌غدا و هه‌رێمى كوردستانیشدا  هاوسه‌نگییه‌كى جیاوازى هێنایه‌كایه‌وه‌ كه‌ جیاواز له‌ حكومه‌ته‌كانى پێشوى نورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌شه‌ بودجه‌ى بڕدراوى بۆ هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌خۆرانى گه‌ڕانده‌وه‌.

ئه‌و ئاساییكردنه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵى رابوردوودا په‌یوه‌ندى پێشوى ئاڵۆزى نێوان هه‌ولێر و به‌غداشی هێوركرده‌وه‌ كه‌پێشتر گه‌یشته‌ ئاستى چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌دژى یه‌كتر.

ئا :هـ.ق 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە