دابه‌شكردنى مووچه‌ كێشه‌ى تێكه‌وت

هەواڵ / کوردستان :: 01/11/2019‌ :: 43435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایی ئاشكرایده‌كات: دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئابی 2019 دوا ده‌كه‌وێت و هۆكاره‌كه‌ش بۆ نه‌ناردنی پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی  سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ هه‌رێم ده‌گێڕێته‌وه‌.

 
به‌پێی بڕیارێكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2018 ده‌رچوو، هه‌موو 5ی مانگێك ده‌ست ده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ بۆ هه‌موو مانگه‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و هه‌ندێك مانگ بۆ چه‌ند رۆژێك دابه‌شكردنی مووچه‌ دواكه‌وتووه‌ و ئه‌م مانگه‌ش دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كه‌وێت. 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 8ی 2019 دوا ده‌كه‌وێت و له‌ رۆژی 5ی تشرینی دووه‌م دابه‌شناكرێت، به‌ڵكو له‌ رۆژی 7ی تشرینی دووه‌م دابه‌شده‌كرێت ".

وتیشی: "هۆكاری دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی  ئاب بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان پاره‌ی داهاتی نه‌وتی نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی و پێده‌چێت له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی و دوای ته‌واو بوونی رێككاره‌كان ده‌ستده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش كه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرێت بریتی ده‌بێت له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ رۆژی 7ی تشرینی دووه‌م. 
مانگانه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ سود له‌ داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌بینێت كه‌ بڕه‌كه‌ی 317 ملیار دیناره‌و وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیش به‌كۆی گشتی بڕی 453 ملیار دینار ده‌نێرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure