به‌هۆى ماده‌ى هۆشبه‌ر و دراوى ساخته‌ و وه‌رگرتنى به‌رتیله‌وه‌ حه‌وت كه‌س سزادران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 111‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى گه‌رمیان به‌هۆی وه‌رگرتنى به‌رتیل و به‌كارهێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر و ساغكردنه‌وه‌ى دراوى ساخته‌ حه‌وت كه‌س به‌ زیندانى سزادران. 

عوسمان عه‌بدولكه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى ئاسایشى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ له‌ سنوورى گه‌رمیان توانرا به‌ تۆمه‌تى به‌كارهێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر و دراوى ساخته‌ و وه‌رگرتنى به‌رتیل حه‌وت كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن. 

وتیشى: "ئه‌و تاوانبارانه‌ له‌به‌رده‌م دادگا دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و سێ كه‌سیان له‌به‌ر به‌كارهێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر به‌ سێ ساڵ زیندانى سزادراون و یه‌كێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مێردمنداڵه‌ به‌ یه‌ك ساڵ زیندانی سزادراوه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دوو كه‌سیش له‌به‌ر دراوى ساخته‌ كه‌ یه‌كێكیان خه‌ڵكى كه‌لارە به‌ شه‌ش ساڵ و ئه‌وى دیكه‌شیان خه‌ڵكى دیاله‌یه‌ به‌ حه‌وت ساڵ زیندانى سزادراون و تاوانبارێكى دیكه‌یان كه‌ خه‌ڵكى خانه‌قینه‌ به‌ تۆمه‌تى وه‌رگرتنى پاره‌ و به‌رتیل له‌ شۆفێرى بارهه‌ڵگره‌كان به‌ چوار ساڵ زیندانى سزادراوه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure