یه‌كێتى په‌یامێك ئاڕاسته‌ى پارتى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 31/10/2019‌ :: 1736‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى تشرینى یه‌كه‌م، وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان رایگه‌یاند: زۆر نیگه‌رانین له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان، وتیشى: "ئه‌م نیگه‌رانییه‌شمان به‌ ره‌سمى گه‌یاندووه‌ به‌ پارتى".

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى، چونكه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى كه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و پارتیدا هه‌یه‌، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ ناكرێت".

وتیشى: "ئێمه‌ ئه‌م نیگه‌رانییه‌مان به‌ رەسمى گه‌یاندووه‌ به‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ تایبه‌تیش سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم".

وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان  ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "زۆر نیگه‌رانین له‌ ره‌وتى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى، باشى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێمه‌ بناغه‌ى یه‌كڕیزییه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شى خراپە، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت راستگۆبین كه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا نیگه‌رانین له‌و یه‌كڕیزیه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "یه‌كه‌مین رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنى به‌شدارى سیاسییه‌، باوه‌ڕمان وانیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى باش جێبه‌جێ بووبێت، رێككه‌وتنى دووەممان رێككه‌وتنى به‌شداریمانه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شى زۆریى جێبه‌جێ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌شى جێبه‌جێ بووه‌ تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌رى، رێككه‌وتنى سێیه‌میشمان كه‌ رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر پارێزگارى كه‌ركوك هیچ جێبه‌جێ نه‌بووه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "یه‌كێك له‌ نیگه‌رانییه‌كانى ئێمه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى له‌م حكومه‌ته‌دا خه‌ڵكانێك به‌ناوى یاریده‌ده‌ره‌وه‌ داده‌مه‌زرێندرێن، له‌كاتێكدا قه‌بارەى حكومه‌ت بچوكه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكى سه‌رتاسه‌رى به‌هێزمان هه‌بێت نه‌وه‌ك به‌وشێوه‌یه‌ بێت".

 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێڵه‌كانى دوو ئیداره‌یی كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ئاڕاسته‌كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ناچێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure