نرخی بەنزین لە پارێزگایەکی هەرێم دابەزی

هەواڵ / ئابوری :: 31/10/2019‌ :: 1576‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر نرخی به‌نزین رووی له‌ دابه‌زین كردووه‌ و به‌رپرسێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت: "نووسراوێكمان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ تاوه‌كو هاوشێوه‌ی عێراق به‌نزین هه‌رزان بكرێت".


ئاری كاكەشین، به‌ڕێوه‌به‌ری سوته‌مه‌نی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "نرخی به‌نزین به‌ گشتی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر 25 دینار بۆ هەر لیترێک دابه‌زیوه‌ و له‌ داهاتووشدا زیاتر داده‌به‌زێت".

وتیشی: "له‌ئێستادا كوالیتی به‌نزین باشتر بووه‌ و رۆژانه‌ش چاودێری به‌نزینخانه‌كان ده‌كەین بۆ ئه‌وه‌ی به‌نزینی خراپ نه‌فرۆشرێته‌ شۆفێران، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 20 به‌نزینخانه‌ سزادراون".

له‌ سنووری هه‌ولێر 400 به‌نزینخانه‌ی گه‌وره‌ و بچوك هه‌یه ‌و رۆژانه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن لیتر به‌نزین ده‌فرۆشنه‌‌ شۆفێران و به‌هۆی زۆری ژماره‌ی به‌نزینخانه‌كانیش له‌ ئێستادا پێدانی مۆڵه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ی به‌نزینخانه‌ راگیراوه. 

به‌ڕێوه‌به‌ری سوته‌مه‌نی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نووسراوێكیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كردووه‌ تاوه‌كو نرخی به‌نزین هاوتای پارێزگاكانی عێراق بكرێت و سه‌رۆكی حكومه‌تیش پێشتر وتویه‌تی هه‌وڵده‌ده‌ن نرخی سوته‌مه‌نی و به‌نزین داده‌به‌زێنن.

 

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure