"به‌منزیكانه‌ یه‌كێتى و پارتى و گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 30/10/2019‌ :: 402‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

به‌رپرسێكى باڵاى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌مزوانه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌ و پرسى دابه‌شكردنى پۆسته‌ حكومییه‌كان تاووتوێده‌كه‌ن.


هۆشیار سیوه‌یلى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان ( ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵ  یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر پرسى دابه‌شكردنى ئه‌و پۆستانه‌ى ماون كۆده‌بنه‌وه‌ و ئاماده‌كارى ته‌واویش بۆ ئه‌و پرسه‌ كراوه‌.

وتیشى: "لیژنه‌یه‌كى باڵا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌ن پێكهێندراوه‌ و كار له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى نێوانمان ده‌كات و به‌پێى به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان پۆسته‌ ئیدارى و حكومییه‌كانى وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان دابه‌شده‌كه‌ن".

پێشتر فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى چاره‌سه‌ربكه‌ین.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كى باش هه‌بێت كێشه‌كان هێنده‌ گه‌وره‌ نین و قۆناغى زۆر له‌وه‌ قورسترمان تێپه‌ڕاندووه‌".

ئه‌م هه‌وڵه‌ى لایه‌نه‌كان له‌كاتێكدایه‌ دۆخى سیاسى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكى دژواردا تێپه‌ڕده‌بێت، لایه‌نه‌كانیش هه‌وڵى یه‌كڕیزى ناوخۆیى له‌ئێستادا به‌ گرنگ ده‌زانن.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure