بازاڕی بۆیله‌ر گه‌رم ده‌بێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/11/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان بازاڕی بۆیلەری گەرمکردووە، ئێستا به‌رهه‌مى وڵاتانى ئێران و توركيا و ئەمریکا لە بازاڕی هەرێمی کوردستان کێبڕکێی ساغکردنەوەی بۆیلەر دەکەن.

لەسەرەتای مانگی 9دا بازاڕی بۆیلەر جوڵەی تێدەکەوێت تاکو سەرەتای مانگی 3، زۆربەی بازرگانان مانگێک پێشتر بۆیلەر هاوردەی کوردستان دەکەن.

سەفین محەمەد، خاوه‌نی دوكانێكی فرۆشتنی بۆیلەرە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هەموو ساڵێک لە مانگی 8 زیاتر لە 10 هەزار بۆیلەر هاوردە دەکەین، بەڵام ئێمە جگە لە شارەکانی کوردستان هەناردەی پارێزگاکانی عێڕاقیشی دەکەین".

سەفین محەمەد، دەڵێت: "زیاتر لە 6 هەزار بۆیلەر دەنێرینە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق، ساڵی رابوردوو کێشەمان زۆربوو، چونکە بازگەی زۆر هەبوو حکومەتی عێڕاق پارەی زۆری لێوەردەگرتین، بەڵام ئەمساڵ باشترە و ئەو باجانە نەماوە".

هه‌روه‌ها ئيحسان خالید، فرۆشیارێكی دیكه‌ی بۆیلەرە دەڵێت: "چەند جۆرێک بۆیلەرمان هەیە لەوانە بۆیلەری ئێرانی و تورکی و ئەمریکی، بەڵام ئەوەی کە بازاڕی گەرمە و هەرزانیشە بۆیلەری ئێرانییە کە زۆرترین خواستی لەسەرە".

ئيحسان، دەشڵێت: "نرخی بۆیلەرەکانمان لە 40 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 500 دۆلار، ئەوەی کە زۆر خواستی لەسەرە ئێرانییە کە لە 40 تاکو 65 دۆلارە، گرانترینی ئەمریکییە کە دەگاتە 500 دۆلار".

لە هەرێمی کوردستان دوو کارگەی دروستکردنی بۆیلەر هەن، بەڵام چونکە مۆڵەتی کارکردنیان نییە و بەنهێنی کاردەکەن، بۆیە ئامادەنەبوو زانیاری لەسەر کارەکانیان بدەن، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەر یەکێک لەو کارگانە مانگانە توانای بەرهەمهێنانی 1000 بۆیلەریان هەیە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەرەڕای ئەوەی زانیویەتی کە ئەم کارگانە کاردەکەن، بەڵام رێگری نەکردووە لە کارکردنیان و ئێستاش ئەو کارگانە بەردەوامن لە کارکردن.

فەتحی ئەلمودەریس، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی کارگەی جۆراوجۆر لە هەموو سێکتەرەکان لە ناوخۆ بەرهەمیان هەبێت، بۆ ئەوەی چاومان لە کەلوپەل و کاڵای وڵاتان نەبێت.

فەتحی، دەشڵێت: "ئەو کارگانەی کە کاردەکەن دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتیان پێبدرێت ئینجا کاربکەن، بۆ ئەوەی ئاگاداربین لە کوالێتی کەلوپەلەکانیان و چۆنیەتی کارکردنیان، ئەو کارگانەشی بێ مۆڵەت دامەزراون بەدواداچوونی بۆ دەکەین تاکو بەشیوەیەکی یاسایی پەرە بە وەبەرهێنانیان بدەن لە کوردستاندا".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە