تایبەتییەكانی مرۆڤ

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 169‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لە كۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەكانی وەك كۆمەڵی كوردەواری رێزگرتن لە سنوورە تایبەتەكانی مرۆڤ پەیڕەو ناكرێت.

 
زۆر ئاساییە كە تۆ سەرقاڵی خوێندنەوەی بابەتێكیت كەسەكەی تەنیشتت چاوی تێببڕێت بۆ ئەوەی بزانێت چی دەخوێنیتەوە، لەناو پاسدا لەناو ماڵدا، لە شوێنی كاردا هەمیشە كەسانێك هەن لایان ئاساییە سنوورە تایبەتەكەت پێشێل بكەن، بگرە هەر ئەسڵەن باوەڕیان بەو سنوورە نییە. ئەمە لە كۆمەڵگاكانی خۆرئاوادا هەڵسوكەوتێكی زۆر نامۆ و نەخوازراوە. لەوێ‌ ئەگەر خۆت داوا نەكەیت كەس خۆی هەڵناقورتێنێتە كاروبارێكی تۆوە. ئەمە بۆچی وایە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە كە كارلێكە كۆمەڵایەتییەكان لای ئێمە گەرموگوڕترن یاخود ئەوان لەئاستی رۆشنبیریی و ئەتەكیەتی ژیاندا پێشی ئێمەیان داوەتەوە؟.
بەداخەوە وشەیەكی كوردی نییە رێك بە وردی هاوواتای ئەم خەسڵەتە بێت كە عەرەب پێی دەڵێت (فزول). خەسڵەتەكە لایەنی باشەی زۆرە و پاڵنەرێكی گەورەیە بۆ فێربوون و توێژینەوە بەتایبەت لە زانستەكانی فیزیا و كیمیا و بایۆلۆجی و تێكڕای زانستەكانی دیكەدا. بەڵام خەسڵەتێكی خراپە لە دنیای كارلێكە مرۆییەكان و و گەڕان بەدوای هەقیقەتە دەروونیی و كۆمەڵایەتیەكاندا. كەس پێی خۆش نییە بەبێ‌ رەزامەندی خۆی هیچ كەسێك نهێنییەكانی بزانێت. دیمەنێكی زۆر ناشیرینە مێرد جانتای ژنەكەی بگەڕێت یان ئافرەتەكە جلوبەرگی مێردەكەی بپشكنێت بۆ دۆزینەوەی بەڵگە و ئاماژەیەك. ئەمە غیرە نییە بەقەدەر ئەوەی كە گومان و بێ‌ متمانەییە و پێشێلكردنی ئاشكرای سنووری تایبەتی هاوژینەكەتە و رێز نەگرتنە لە تایبەتیەكانی.
هەندێك جار سنووری تایبەتی كەسێك بەر سنووری تایبەتی كەسێكی دیكە دەكەوێت و لە ئاكامدا كارلێكی جۆراوجۆر روودەدات. كۆمەڵێك هۆكاریش زۆر كاریگەرن لە دیاریكردنی سنووری تایبەتی مرۆڤ و كاردانەوەی بەرامبەر پێشێلكردنی ئەو سنوورە. بۆ نموونە پیشەی كەسەكە و قورسایی لەسەری، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرەكەیەوە، پەیوەندی بە هاوكارەوە، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لەگەڵ خەڵكیدا، ئاستی هوشیاریی و رۆشنبیریی و چەند هۆكارێكی دیكە.
ماددەی 10ی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ بە ئاشكرا داوای رێزگرتن دەكات لە تایبەتییەكانی مرۆڤ. لە هەندێك وڵاتدا لەوەش زیاتر رێز لە تایبەتمەندی مرۆڤ دەگیرێت بەپێی یاسا. بۆ نموونە لە دەستووری بەڕازیلدا ژیانی تایبەت مافێكی بنەڕەتییە و تەنانەت دەوڵەتیش بۆی نییە زانیارییە تایبەتەكانی و مەسەلەكانی پەیوەست بە ناوبانگ و ناموسی كەسەكەوە پێشێل بكات. تەنانەت دەوڵەت بۆی نییە دەست وەربداتە پەیوەندی و هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕكردنی نامەكانی هاووڵاتیشەوە.

پ: پەری



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure