پزیشكانی هه‌رێم ڕوویان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/10/2019‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ماوه‌ی ساڵانی 2015 بۆ 2019، نزیكەی 950 پزیشكی گشتی و زیاتر له‌ 5 هه‌زار كارمه‌ندی پزیشكی و ته‌ندروستی له‌ كاره‌كانیان دابڕاون یاخود موڵه‌تی بێ مووچه‌یان وه‌گرتووه‌ و به‌شێكیشیان به‌ ته‌واوی ده‌ستیان له‌كارهه‌ڵگرتووه‌ و چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

به‌پێی نوێترین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2014 تاوه‌كو 2019، زیاتر له‌ 6 هه‌زار و 133 پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی و كارگێڕی وازیان له‌ كاره‌كانیان هێناوه ‌و كۆتایی به‌ ڕاژه‌كه‌یان هاتووه‌،  یاخود مۆڵه‌تی بێ موچه‌یان وه‌رگرتووه‌و خانه‌نشینكراون، له‌و رێژه‌یه‌ش 950 یان پزیشك و800 یان ده‌رمانسازو پزیشكی ددان بوون، ئه‌وانی دیكه‌ كارمه‌ندی  ته‌ندروستی پزیشكی بوون و به‌شێكی زۆری ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی وازیان هێناوه‌ روو ده‌كه‌نه‌ كه‌رتی تایبه‌ت یاخود ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

هه‌ربه‌پێی ئاماره‌كان ژماره‌ی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان 22 هه‌زار كه‌سه ‌و ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ ئاستی ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێژه‌یه‌كی كه‌مه‌ به‌و پێیه‌ی ژماره‌ی ته‌واوی پزیشكان شه‌ش هه‌زارو 250  پزیشكه‌ له‌كاتێكدا به‌پێی دانیشتوانی هه‌رێم بێت پێویسته‌ ژماره‌ی پزیشكان 13 هه‌زار پزیشك بێت.

د. خالص قادر، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات: ژماره‌ی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دابڕاو له‌ كاره‌كانیان به‌هۆی وازهێنان یاخود مۆڵه‌تی بێ موچه‌ له‌ دواین ئاماردا گه‌یشتۆته‌ سه‌رووی 6 هه‌زار كه‌س.

ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: شوێنی زۆربه‌ی پزیشكان به‌ چۆڵی ماوه‌ته‌وه‌و دواجار كێشه‌ی میلاك له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دروست بووه‌و له‌ماوه‌ی ڕابوردووش داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ له‌ بری ئه‌و كه‌سانه‌ پزیشك و كارمه‌ندی تریان بۆ دابمه‌زرێنن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە