بیرێكی 70 ملیار پێ سێجایی غاز لە چەمچەماڵ دۆزرایەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 856‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌ڕێوبه‌ری كۆمپانیای دانەغاز ئاشكرایده‌كات: به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌وان قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی غازی سروشتی له‌ وێستگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و كۆڕمۆ 70 ملیار پێ سێجایه‌ و‌ له‌ ئێستاشدا رۆژانه‌ 100 ملیۆن پێ سێجا له‌لایه‌ن دانەغازه‌وه‌ بۆ وێسته‌گه‌كانی كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنرێت.


پاتریك ئاڵمان، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز (CEO) له‌ دوای به‌شداریكردن له‌ پێشانگەیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ ئامێر و كەلوپه‌لی پیشه‌سازی و نه‌وت، له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: ئاستی وه‌به‌رهێنانی غازی سروشتی له‌ كێڵگه‌ی كۆڕمۆ له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ رۆژانه‌ 100 ملیۆن پێ سێجایه ‌و به‌رنامه‌ی داهاتووشیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ساڵی 2023 بگه‌یەننه‌ سه‌ره‌تا 500 ملیۆن پێ سێجا، پاشان 900 ملیۆن پێ سێجا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئاستی پێویستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ غازی سروشتی له‌ ئیستادا 200 ملیۆن پێ سێجایه‌ و دوای ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌توانرێت غازی سروشتی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و ده‌ره‌وه‌ بكرێت.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: ئه‌وان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نی سێهه‌م ئه‌گه‌ر كۆمپانیای رۆزنه‌فتیش بێت بۆرییه‌كی گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی دابمه‌زرێنن به‌مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنى غازی سروشتی بۆ توركیا.

ئاشكراشیكرد: له‌ماوه‌ی رابوردوو جگه‌ له‌ وێستگه‌ غازییه‌كانی كۆڕمۆ، بیر و وێستگه‌ی ژماره‌ سێیان له‌ چه‌مچه‌ماڵ لێداوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ عه‌مبارێكی گه‌وره‌ی غازی سروشتی له‌و ناوچه‌ هه‌یه ‌و به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی دانەغازیش یه‌ده‌گی غازی سروشتی له‌و ناوچه‌یه‌  به‌ 70 ملیار پێ سێجا ده‌خه‌مڵێندرێت.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی دانەغاز، ئه‌وان ده‌توانن غازی سروشتی به‌ نرخێكی هه‌رزانتر و كوالێتی باشتر هه‌نارده‌ى وڵاتانی دیكه‌ و توركیا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویستی به‌ دامه‌زراندنی ژێرخانێكی بۆری هه‌یه‌ باشترین شوێنیش له‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیایه‌.

بەوته‌ی ناوبراو، كۆمپانیاكه‌یان ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌رزكردۆته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی داهاتووشدا بڕی دابینكردنی غازی سروشتی بۆ وێستگه‌ ناوخۆییه‌كانی كاره‌با زیاد ده‌كات.

کۆمپانیای دانەغاز، کۆمپانیایەکی ئیماراتییە کە بەیەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لە بواری گازی سروشتیدا، لە مانگی دوانزدەی ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە.

كۆمپانیای پیریڵ پترۆلیۆم لە پێنج كۆمپانیای هاوبەش پێكدێت كە لەبواری نەوت‌ و غازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن‌ و كۆمپانیای دانەغاز خاوەنی رێژەی 35%ى پشكەكانی ئه‌و كۆمپانیایه‌یه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure