گەشتەکەی ناسر خوسرەو

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ناسر خوسرەو، شاعیر و گەڕیدەی بەناوبانگی فارس ساڵی 1003ی زاینی لە شاری بەڵغ لە دایکبووە کە ئێستا باکووری ئەفغانستانە، هەتا تەمەنی 40 ساڵی ژیانێکی ئارام و ئاسایی بەسەر دەبرد لە نووسینگەی سەلجووقیەکاندا.

رۆژەکانی ژیانی چوونیەک و بێزارکەر بوون، بۆیە لە تەمەنی 40 ساڵیدا  کتوپڕ بڕیار دەدات ژیانی بگۆڕێت و سەرلەنوێ خۆی و جیهان بدۆزێتەوە لە نهێنییەکان و غافڵگیری و وەرچەرخانەکانی سەردەمی خۆی تێ بگات. 

ناسر خوسرەو حەوت ساڵی ڕەبەقی بە گەڕان بەسەربرد و لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک تێبینی گرنگی تۆمار کردووە کە لە گەشتەکەیدا بۆ میسڕ و وڵاتانی کەنداو بەچاوی خۆی بینیونی. 

ئەم گەڕیدەیە لە پایتەختی سەلجووقیەکانەوە بەڕێکەوت بۆ نیشارپوور و لەوێوە بۆ شاری رەی (تارانی ئەمڕۆ) ئینجا تەورێز و پاشان قەزوین و باشووری ئەنادۆڵ و لەوێوە بۆ وڵاتانی شام، دیاربەکر، ئامەد، حەڕان، حەلەب و تەنانەت سەردانی شاعیری بەناوبانگی عەرەب ئەبو ئەلعەلای ئەلمعەری کرد کە بە یەکێک لە حەکیمەکانی سەدەی خۆی دەژمێردرێت. 

لە شاری میعڕەت ئەلنوعمان ناسر خوسرەو لەوێوە روودەکاتە بەیروت و عەکا و پاشان چەند جارێک سەردانی قودس و شارەکانی دیکە دەکات و تێبینی زۆر وردیان لەسەر دەنووسێت کە سەرچاوەیەکی گرنگن کە دواتر رۆژهەڵاتناسەکان سوودی لێ دەبینن. 

ناسر خوسرەو لە فەڵەستینەوە روودەکاتە میسر کە دەمێکە سەرنجی راکێشاوە و لەوێ ماوەی چەند ساڵێک دەمێنێتەوە. 

میسر لەو سەردەمەدا بەدەست فاتمیەکانەوە دەبێت کە خەلیفە موستەنسڕ بیلا بەناوبانگترین و بەهێزترین و دەوڵەمەندترین خەلیفەیان بووە. ناسر خوسرەو زۆر سەرسام دەبێت بە قەرەباڵغی و بیناسازی و ژمارەی دووکانەکانی شاری قاهیرە. 

ئاماژە دەکات بۆ گرانی کرێی دووکان لەو سەردەمەدا کە ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی فاتمیەکان و دانیشتوانی قاهیرە و میسڕە بەگشتی. ئەم  گەڕیدەیە زۆر بە وردی باسی ژیان و سیستمی حوکمداری و شێوازی بیناسازی و شوراکانی قاهیرە و ناوچە جیاجیاکانی میسڕی  تۆمارکردووە بۆ نموونە لە وەسفی کۆشکی گەورەی فاتمیەکاندا دەڵێت شەوانە 1000 کەس پاسەوانی لێ دەکەن 500 پیادە و 500 سوارە و تا بەیانی بە دەوری کۆشکەکەدا دەسوڕێنەوە. 

ناسر خوسڕەو لە قاهیرە دەچێتە سەر مەزهەبی ئیسماعیلی کە مەزهەبی فاتمیەکانە و لەو کاتەوە دەبێتە یەکێک لە بانگخوازەکانی ئەم مەزهەبە و کە دەگەڕێتەوە ئێرانیش لەسەر هەمان رێباز بەردەوام دەبێت. ئەو سەردەمە ناکۆکی و شەڕ و پێکدادان لە نێوان عەباسی و فاتمیەکاندا زۆر بەهێز بووە پاش کۆتاییهاتنی گەشتەکەی ناسر خوسرەو بەڕێدەکەوێت بۆ حیجاز بۆ ئەنجامدانی حەج و دواتر دەگەڕێتەوە بەرەو وڵاتەکەی خۆی کە لەو کاتەدا یاخیبوونی قەڕامیتەکان لە ئارادا دەبێت دژی  دەوڵەتی عەباسی. 

ناسر خوسرەو لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەگاتە شاری بەسڕە و لەوێوە بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە لە رێی ئەهوازەوە روودەکاتەوە شاری بەڵغ و بەو هیوایەی کە بانگەواز بۆ مەزهەبی ئیسماعیلی بکات، بەڵام سەلجوقییەکان زۆر لەو مەزهەبە دەترسن و رووبەڕووی دەوەستنەوە و ناچاری دەکەن هەڵبێت، گرنگترین بەرهەمی ئەم گەڕیدەیە کتێبی سەفەرنامەیە کە پڕە لە تێبینی دەگمەن لەسەر بارودۆخی 1000 ساڵ لەمەوپێشی میسر و وڵاتانی کەنداو لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەوە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure