نزگه‌ره‌ چییه‌ و چۆن دروست دەبێت؟

هەواڵ / زانست :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 554‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ساڵى 1922 كه‌سێك به‌ ناوى چارڵس ئۆزبۆرن له‌دواى رووداوێك تووشى نزگه‌ره‌یه‌كى به‌رده‌وام بوو كه‌ پاش 68 ساڵ ئینجا له‌كۆڵى بووه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كتێبى جینیسدا وه‌ك خاوه‌نى ژماره‌ى پێوانه‌یى درێژترین ماوه‌ى نزگه‌ره‌ تۆمار كراوه‌.

ساڵى (2007)یش كچێكى هه‌رزه‌كارى دانیشتووى فلۆریدا هه‌ر له‌ بوارى نزگه‌ره‌دا ژماره‌یه‌كى پێوانه‌یى تۆمار كرد. ئه‌م ئافره‌ته‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ چوار هه‌فته‌ تووشى نزگه‌ره‌یه‌كى زۆر بوو. په‌نجا نزگه‌ره‌ له‌ یه‌ك خووله‌كدا.

ئاخۆ هۆكارى نزگه‌ره‌ چى بێت؟

پزیشكه‌كان ده‌ڵێن نزگه‌ره‌ له‌ ئاكامى چه‌ند وروژێنه‌رێكه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ ده‌بنه‌ هۆى ئاوسانى گه‌ده‌، بۆ نموونه‌ پاش هه‌ڵمژینى هه‌وا یان خواردن و خواردنه‌وه‌ى خێرا. هه‌ندێك جارى دیكه‌ كرده‌وه‌ سۆزدارییه‌كانى وه‌ك گریان یان پێكه‌نین یان وروژاندن یان دڵه‌ڕاوكێ نزگه‌ره‌ دروست ده‌كه‌ن. میكانیزمى نزگه‌ره‌ به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ماسولكه‌ى ناوپه‌نچك له‌ناكاو گرژ ده‌بێت و خاو ده‌بێته‌وه‌. 

ناوپه‌نچك ئه‌و ماسولكه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ قه‌فه‌زه‌ى سنگ له‌ سك جیاده‌كاته‌وه‌ و مرۆڤ به‌كارى ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وا بكاته‌ سییه‌كانیه‌وه‌. له‌كاتى نزگه‌ره‌دا گرژ بوون و خاوبوونه‌وه‌ى كتوپڕى ماسولكه‌ى ناوپه‌نچك ژێیه‌ ده‌نگییه‌كانیش داده‌خرێن و بۆشایى نێوانیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌. جووڵه‌ى ناوپه‌نچك هه‌ناسه‌ هه‌ڵمژینێكى كتوپڕى لێ دروست ده‌بێت. به‌ڵام داخرانى ژێیه‌ ده‌نگییه‌كان ناهێڵێت هه‌وا بچێته‌ بۆرییه‌كانى هه‌واوه‌ و بگاته‌ سییه‌كان. سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌نگه‌ تایبه‌ته‌ دروست ده‌بێت.

تائێستا نه‌زانراوه‌ نزگه‌ره‌ به‌ دیاریكراوى چ ئه‌ركێكى هه‌یه‌. پێناچێت هیچ سوودێكى پزیشكى یاخود جه‌سته‌یى هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بۆچى رووده‌دات. بۆچى كتوپڕ هه‌وا هه‌ڵده‌مژین و پاشان رێگه‌ نادرێت ئه‌و هه‌وایه‌ بچێته‌ سییه‌كانه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ میكانیزمانه‌ى كه‌ ئامانجێكى ئاشكرایان نییه‌ ته‌حه‌دایه‌كى گه‌وره‌ن بۆ زاناكانى بوارى گه‌شه‌كردنى بایۆلۆجى.

ئایا ئه‌م پێكهاته‌ ئه‌تۆمیى و ئه‌م میكانیزمه‌ جه‌سته‌ییانه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌ركى نهێنییان هه‌یه‌ كه‌ هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ یاخود پاشماوه‌ى رابوردومانن، ئه‌و رابوردووه‌ى كه‌ گه‌شه‌ى كردووه‌ و ره‌نگه‌ پێشتر مه‌به‌ستێكى گرنگى هه‌بووبێت بۆ به‌رده‌وامبوونى ژیان.

یه‌كێك له‌ تیۆرییه‌كان ده‌ڵێت نزگه‌ره‌ ملیۆنه‌ها ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنى مرۆڤ سه‌رى هه‌ڵداوه‌. پێده‌چێت سییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك به‌ جۆرێك گه‌شه‌یان كردبێت ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنن بۆ ماسییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. زوربه‌ى ئه‌و جۆره‌ ماسییانه‌ له‌ ئاوى گه‌رم و مه‌نگدا ژیاون كه‌ ئۆكسجینى كه‌مى تێدا بووه‌، گه‌شه‌كردنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ سوود له‌و ئۆكسجینه‌ زۆره‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌ هه‌وادا هه‌یه‌.

كاتێك وه‌چه‌كانى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ گواستیانه‌وه‌ بۆسه‌ر زه‌وى ئیتر له‌باتى ئه‌وه‌ى به‌ ریشووه‌ كه‌وانه‌ هه‌ناسه‌ بده‌ن، له‌ڕێى سییه‌كانه‌وه‌ هه‌ناسه‌یان ده‌دا. ئه‌مه‌ هاوچه‌شنى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ خێراییانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ بۆقدا ده‌یانبینین. سه‌ره‌مێكوته‌ى بچووك ریشووه‌ كه‌وانه‌ى هه‌یه‌ به‌ڵام كاتێك گه‌وره‌ ده‌بێت ده‌بێت به‌ خاوه‌نى سییه‌كان. 

تیۆرییه‌كه‌ ده‌ڵێت نزگه‌ره‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاشماوه‌كانى ئه‌م گواستنه‌وه‌ كۆنه‌ له‌ ئاوه‌وه‌ بۆسه‌ر زه‌ویى. به‌ڵام تیۆرییه‌كى دیكه‌ ده‌ڵێت نزگه‌ره‌ى راسته‌قینه‌ ته‌نیا له‌ شیرده‌ره‌كاندا هه‌یه‌ و لە باقى گیانله‌به‌ره‌كانى دیكه‌ى وه‌ك خشۆك و باڵنده‌ و ئه‌وانى دیكه‌دا نین. 

هه‌روه‌ها نزگه‌ره‌ له‌ كۆرپه‌شدا تێبینى كراوه‌ ته‌نانه‌ت پێش له‌دایكبوونى. ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ به‌گشتى له‌ منداڵدا زیاتره‌ وه‌ك له‌ گه‌وره‌. كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ شیرپێدانه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ لاى گیانله‌به‌ره‌ شیرده‌ره‌كان تا بتوانێت هه‌وا له‌ گه‌ده‌وه‌ ده‌ركات. 

خاوبوونه‌وه‌ى كتوپڕى ناوپه‌نچك هه‌وا له‌ گه‌ده‌وه‌ ده‌رده‌كات و داخستنى زمانه‌ بچكۆله‌ش ناهێڵێت شیره‌كه‌ بچێته‌ بۆرییه‌كانى هه‌ناسه‌وه‌.

چه‌ندین رێگەى جۆراوجۆریش هه‌یه‌ بۆ وه‌ستاندنى نزگه‌ره‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كى زۆرى پێچوو. بۆ نموونه‌ خواردنه‌وه‌ى حه‌وت قوم ئاوى سارد یان راگرتنى هه‌ناسه‌ یان ترساندنى كتوپڕى كه‌سه‌كه‌ كه‌ هیچیان 100% سه‌ركه‌وتوو نین.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure