پەرلەمانتارێک نوێترین زانیارى له‌باره‌ى تاپۆكردنى خانووه‌ زیاده‌ڕه‌وه‌كان ده‌خاته‌ڕوو

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1006‌ جار بینراوە
هاوڕێ مه‌لا ستار

دواڕۆژ، سامان قوبادى
  
نزیكه‌ى 300 هه‌زار خانووى زیاده‌ڕه‌و له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستكراون، له‌ئێستاشدا پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ تاپۆكردنیان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان-ه‌. هاوڕێ مه‌لا ستار، سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا  ورده‌كاریى پرۆژه‌یاساكه‌ و چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: "ئه‌و خانوانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ 2018وه‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕه‌و دروستكراون".


دواڕۆژ: پرۆژه‌یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ تاپۆكردنى ئه‌و خانوانه‌ى به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕه‌و دروستكراون، كه‌ى په‌سه‌ند ده‌كرێت و ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
له‌ هه‌رێمى كوردستاندا نزیكه‌ى 300 هه‌زار خانووى بێ تاپۆ هه‌یه‌، هه‌ردوو لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوار له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى یاسایى كۆده‌بنه‌وه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیارانه‌ى كراون جێبه‌جێی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ یان چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت. پاش په‌سه‌ندكردنى، لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار پابه‌ند ده‌كرێت به‌ جێبه‌جێكردنیه‌وه‌. له‌لایه‌ن هه‌موو فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ كۆده‌نگى له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خزمه‌ته‌ به‌ خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت. 

دواڕۆژ: ئایا ئه‌و ژماره‌یه‌ى دیاریكراوه‌ ده‌كرێن به‌ فۆڕم یان تاپۆ ده‌كرێن؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
ناكرێن به‌ فۆڕم به‌ڵكو له‌سه‌ریان تاپۆ ده‌كرێت و به‌ناویانه‌وه‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئه‌و خانوانه‌ى فۆڕمن چۆن یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
ئه‌مانه‌ كێشه‌یان نییه‌، چونكه‌ حكومه‌ت خۆى ژماره‌ى پێداون، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و خانوو و زه‌وییانه‌یش كه‌ فۆڕمن تاپۆ بكرێن. له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى یاسایى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: بۆ تاپۆكردن له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌ترێك زه‌وى بڕى چه‌ند پاره‌ وه‌رده‌گیرێت؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
له‌به‌رامبه‌ر تاپۆكردندا له‌سه‌ره‌تا له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا بۆ پارێزگاكان 60 هه‌زار دینار بوو بۆ هه‌ر مه‌ترێك زه‌وى، له‌ قه‌زاكان 40 هه‌زار و له‌ ناحیه‌كاندا 30 هه‌زار دینار بوو، له‌ئێستادا چه‌ندین پێشنیار هه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژى ده‌نگداندا یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه‌یه‌: له‌ پارێزگاكان هه‌ر مه‌ترێك زه‌وى له‌نێوان 15 بۆ 30 هه‌زار دینار وه‌ربگیرێت، له‌ 10 بۆ 20 هه‌زار دینار له‌ قه‌زاكاندا، 5 بۆ 10 هه‌زاریش بۆ ناحیه‌كان، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌م بڕه‌یش كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌. هه‌ر زه‌وییه‌كیش كه‌ 200 مه‌تر بێت و كرابێت به‌ دوو به‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕه‌و بێت بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: پێتان وانییه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ ده‌بێته‌ هۆى زۆربوونى زیاده‌ڕه‌وى و دروستكردنى خانوو له‌سه‌ر موڵكى گشتى؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
ئه‌و خانوانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ پێش مانگى 3ى ساڵى 2018وه‌ دروستكراون، له‌دواى ئه‌و ساڵه‌وه‌ به‌پێى بڕیارێكى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ر كه‌سێك خانووى زیاده‌ڕه‌وى دروست كردبێت نایگرێته‌وه‌ و ده‌ڕووخێندرێت.

دواڕۆژ: به‌چی شێوه‌یه‌ك ئه‌م تاپۆكردنه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شكراوه‌؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
له‌ئێستادا نازانین زۆرترین زیاده‌ڕه‌و له‌كوێ كراوه‌، هه‌ر شوێنێك زۆرترین خانووى زیاده‌ڕه‌وى تیادا دروست بكرێت، ئه‌وێ ده‌گرێته‌وه‌. گونده‌كان ناگرێته‌وه‌ چونكه‌ تاپۆیان نییه‌ تا زیاده‌ڕه‌ویى بكه‌ن، ته‌نیا ناحیه‌ و قه‌زا و پارێزگا ده‌گرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر خانوویه‌ك به‌ زیاده‌ڕه‌و له‌سه‌ر موڵكى حكومه‌ت دروستكرابوو، چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
هاوڕێ مه‌لا ستار:
چاره‌سه‌رمان بۆ داناوه‌ به‌وه‌ى ئه‌و خانووه‌ بكرێت به‌ناوى وه‌زاره‌تى شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا 200 مه‌تر زه‌وى له‌ شوێنێكى گونجاودا پێ بدرێت، هاوكات كه‌ره‌سته‌ى هه‌مان خانووى زیاده‌ڕه‌و به‌كاربهێنێته‌وه‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ى.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure