له‌ سلێمانى دەرچووانی سێ بەشی پزیشكی چوونه‌ به‌رده‌م نووسینگه‌ى په‌رله‌مان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 346‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دەرچووانی بەشە پزیشكییەكانی (ددان و دەرمانسازی و پەرستاری) داوای دامەزراندن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.


پێشنیوەڕۆی (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یەكەمی 2019) ژمارەیەك لە دەرچووانی سێ بەشی كۆلێجە پزیشكییەكان، بە مەبەستی داواكاریی دامەزراندنیان سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

دەشنێ نەریمان، دەرچووی كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمه‌ چوار وەجبەی دەرچووی دانەمەزراوین و داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین مافی یاسایی دامەزراندنمان بۆ بگەڕێنێتەوە، چونكە لە شەڕی داعش-ه‌وه‌ تائێستا پێنج هەزار میلاكی وەزارەتی تەندروستی بەتاڵ بووە، ئەمەیش بۆشاییەكی گەورەی بۆ كەرتی تەندروستی دروستكردووە، لەكاتێكدا ژمارەی دەرچووانی ئەم بەشانە لە هەر سێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك ناگاتە دوو هەزار دەرچوو.

وتیشى: "دواكەوتنی دامەزراندنمان بووه‌تە گرفتێكی گەورە، چونكە كاركردنمان لە نەخۆشخانەكاندا بەتەواوكاریی خوێندن دادەنرێت و بەبێ ئەم ئەزموونەیش ناتوانین مومارەسەی كاری پیشەیی خۆمان بكەین، لەگەڵ ئەوەیشدا مافی دامەزراندنمان مافێكی یاساییە وەك لە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2000دا هاتووە".

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure