دانیشتوانی كەمپی مەخمور: ناكرێت باجی ململانێ سیاسی و ئیدارییەكان بدەین

هەواڵ / کوردستان :: 27/10/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دانیشتوانی كەمپی مەخمور بەشاندێكی هاوبەشی تۆڕی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییان راگەیاندووە، ناكرێت باجی ململانێ سیاسی و ئیدارییەكان بدەن، ئەو تۆڕەش داوای هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری دۆخی ژیانی ئەو كەمپە دەكات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی تۆڕی هاوبەشی رێكراوەكان كە لە 15 رێكخراو و كەسایەتی دیاری كاری رێكخراوەیی پێكهاتوون، بۆ گەیاندنی یاداشتێك سەبارەت بە دانیشتوانی كەمپی مەخمور سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

كەوسەر محەمەد، نوێنەری تۆڕی هاوبەشی رێكخراوەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی 2019دا شاندێكیان سەردانی كەمپی پەنابەرانی (شەهید رۆستەم جودی)یان لەناحیەی مەخمور كردووە بەمەبەستی ئاگاداربوون لەڕەوشی ژیانیان، ژمارەی پەنابەرانی ئەو كەمپە زیاتر لە 12 هەزار پەنابەری باكوری كوردستانن و نزیكەی 25 ساڵە لەئاوارەییدا دەژین.

ناوبراو روونیكردەوە: سەرباری ئەوەی نیوە زیاتری دانیشتوانی كەمپەكە منداڵن و پێویستییان بەچاودێری و خزمەتی زیاترە، بەڵام دۆخی كەمپەكە زۆر نالەبارە، هاتووچۆی دانیشتوانەكەی بۆ شاری هەولێر و گواستنەوەی كەلوپەلی پزیشكی و پێداویستی رۆژانە ئاستەنگی بۆ دروستكراوە و تەواو بێ خزمەتگوزارین و ژیانێكی سەختیان هەیە.

كەوسەر وتی: "دانیشتوانی كەمپەكە بەشاندەكەیان راگەیاندووە، ناكرێت ململانێ سیاسی و ئیدارییەكان دانیشتوانی ئەو كەمپە باجەكەی بدەن، تائێستا نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەئاست ئەم كارەدا بێهەڵوێستە و بەناوی ئەوەی وەك كەمپێكی مەدەنی سەیر ناكات، پشتگوێی خستوون".

ئەو چالاكوانە داواكاری تۆڕەكەیان خستەڕوو ئەویش بەهاناوەچوونی بار و گوزەرانی نالەباری نێو كەمپی مەخمور هەنگاوی جددی و بەپەلە هەڵبگرن و بەهانای ئەو خەڵكەوە بچن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure