جەبار یاوەر: هیچ پەیوەندییەك لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هەسەدەدا نییە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1217‌ جار بینراوە
جەبار یاوەر

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، سامان قوبادی


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "بەبێ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناچینەوە ناوچە جێ ناكۆكەكان، لێكتێگەشتنیش هەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی هاوبەش، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات، ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان ئێمە و حكومەتی عێراق دادەمەزرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی، بەڵام بەبێ ئەوەی بچینە ناو شارەكانەوە.


دواڕۆژ، گۆڕانكاری سەربازی خێرا لەم ناوچەیەدا روودەدات، وەزارەتی پێشمەرگە چۆن خۆی بۆ پێشهات و گۆڕانكارییە سەربازییەكان ئامادەكردووە؟

جەبار یاوەر: وەزارەتی پێشمەرگە حسابی بۆ ئەو مەترسییانە كردووە، ئێمە لە ناوچەیەك دەژین هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە، بۆیە ئامادەكاری بۆ هەر پێشهات و هەلومەرجێك دەكەین، ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە رووی ئەمنییەوە دەكرێن، داعش دەیقۆزێتەوە كەڵكی لێوەردەگرێتەوە بۆئەوەی كاری تیرۆرستی زیاتر ئەنجام بدات، بۆیە هێزی پێشمەرگە بەردەوام ئیحتیاتی خۆی وەرگرتووە.

دواڕۆژ، نوسراوێك لەلایەن بەغداوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئاڵۆزبوونی دۆخی كەركوك بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بكەن، وەڵامتان چییە؟
جەبار یاوەر: لەلایەن بەغداوە هیچ نوسراوێكی لەوشێوەیە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم نەكراوە.

دواڕۆژ: بەڵام دۆخی كەركوك ئاڵۆز بێت پێشمەرگە هیچ دەست تێوەردانێك دەكات یان دەچنەوە ئەو ناوچانە؟
جەبار یاوەر: پلانمان نییە بۆ ئاڵۆگۆر یان جێگۆڕكێی هێزەكانمان، ناچین هەل بقۆزینەوە بۆ ئەوەی پەلاماری ئەوشوێنانە بدەین، گەرانەوەمان بۆ ئەو ناوچانە یاخود بەشداریكردنمان لە پرۆسەی ئەمنی و پاراستنی كەركوك بەپێی رێككەوتن دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، هەروەها بەپێی ئالیەتێك دەبێت، چەند جارێك لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەم پرسە كۆبووینەتەوە، بڕیار وایە لەمانگی 11دا دووبارە كۆببینەوە بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە تەنیا بەپێی رێككەوتن دەچینەوە ئەو ناوچانە.

دواڕۆژ: ئەگەر حكومەتی ناوەند بۆ ئەوەی ئاڵۆزی نەكەوێتە كەركوكەوە بەپێی رێككەوتنی پێشوەختە داواتان لێ بكات بچنەوە كەركوك، وڵامتان چی دەبێت؟
جەبار یاوەر: تەنانەت ئەگەر رێككەوتنی یەكجارەكی لەبارەی كاری هاوبەشی سەربازی بكرێت، لەگەڵ بەغدا وا بڕیارمانداوە نە هێزی پێشمەرگە نە سوپای عێراق و حەشدی شەعدی و پۆلیسی فیدڕاڵی نابێت بچنە ناو شارەكانەوە، پڕۆسەكە بڕیاری لەبارەوە بدرێت هەماهەنگییەكەمان لەدەرەوەی شارەكانی دیالەو سەڵاحەدین و كەركوك، موسڵ دەبێت. 

دواڕۆژ: كەواتە لە ئەنجامی چەندین جار كۆبوونەوەتان لەگەڵ بەغدا بەچی گەیشتوون؟
جەبار یاوەر: تێگەیشتنێكی هابەش هەیە كە ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سووپای عێراق دابمەزرێت، هەروەها هێزی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكبهێنرێت، جگە لەوەش پڕۆسەی ئەمنی هاوبەش هەبێت لە هەموو ناوچەجێناكۆكەكان و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە مادەی 140 وەك دیالە و سەڵاحەدین و كەركوك و موسڵ، چاوەڕێین لە مانگی داهاتوو شاندی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق بێنە هەولێر، بۆ ئەوەی پلان دابڕێژن تا چۆن دەست بەم پڕۆسەیە بكەین و بەشێوازی كرداری هەنگاوی بۆ بنێین، لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەكە دەكرێت.

دواڕۆژ، ئایا گفتوگۆكان تەنیا بەمەبەستی پڕۆسەی سەربازی هاوبەشە، یاخود رێككەوتن لەسەر لایەنی دارایی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت؟
جەبار یاوەر: ئەم لیژنانە پەیوەندییان بە بابەتی داراییەوە نییە، بەڵكو ئەم پرسە لەسەر پڕۆژەی یاسای بوودجەی عێراق دەوەستێتەوە، پێشتر لە یاساكەدا جێگیر كراوە كە مانگانە 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرج بكرێت، تائێستا خەرج نەكراوە.

دواڕۆژ، بەپێی زانیارییەكانتان داعش لە سوریاوە گەڕاوەتەوە عێراق بەتایبەت ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك؟
جەبار یاوەر: جگە لەوەی گەڕاونەتەوە، بەڵكو بەردەوام بوونیان هەبووە لەو ناوچانە، لە كۆتایی 2017 كە راگەیەندراوە داعش لە عێراقدا نەماوە، بەپێچەوانەوە داعش تەنیا وەكو خەلافەت و دەوڵەت نەمابوو، تائێستاش هەر ماوە و تەنیا شێوازی شەڕكردنی گۆڕیوە.

دواڕۆژ: بەهۆی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا ژمارەیەكی زۆر داعش لە زیندانەكان هەڵهاتن، ئایا هاتوونەتە عێراق؟
جەبار یاوەر: ئامارەكان جیاوازن لەبارەی داعشە هەڵهاتووەكان لە زیندانەكانی سوریا، بەڵام هەلومەرجی رۆژئاوای كوردستان ئەگەر لەڕووی ئەمنییەوە بەرەو خراپیی بڕوات و شەڕ بەردەوام بێت كاریگەریی خراپی نەك لەسەر كوردستان، بەڵكو لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، لە ساڵی 2018 لە پێنج پارێزگای كە باسمكردن وەكو ناوچەی جێ ناكۆك 456كردەوەی تیرۆرستی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە، بووەتەهۆی شەهید بوون و برینداركردن و رفاندنی 1726 هاوڵاتی، بەهەمانشێوە لەسەرەتای 2019وە تا ناوەڕاستی مانگی 10 بەهۆی كردەوە تیرۆرستییەكانەوە 926 كەس شەهید و بریندار و رفێندراون، واتە داعش وەكو رێكخراوێكی تیرۆرستی هێشتا ماوە، نەك لەسەر هەرێم تەنانەت هەڕەشەیە لەسەر وڵاتانی ئەوروپاش.

دواڕۆژ: ئایا هیچ هەماهەنگی و پەیوەندییەك لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان هەیە؟
جەبار یاوەر: بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەواندا نییە، تەنانەت هیچ هاوكارییەك لەنێوانماندا نییە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure