ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى باڵا له‌ پۆسته‌كانیان دورخرانه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 26/10/2019‌ :: 7102‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى ئه‌منى له‌ به‌غدا و شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق به‌هۆى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ پۆسته‌كانیان دورخرانه‌وه‌.


میدیا عێراقیه‌كان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) بڵاویانكرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ لیوا روكن ماجد فالح ئه‌لموسه‌وى، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى به‌غدا ده‌ستنیشانكراوه‌.

پێشتر لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوى خۆپیشاندانه‌كانى سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌، پێشنیارى كردبوو لیوا سه‌ڵام مه‌هدى، له‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى به‌غدا ببه‌خشرێت.
 
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا عه‌مید حه‌یده‌ر حه‌سه‌ن، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى دیوانیه‌ و عه‌میدى مافپه‌روه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدلوه‌هاب سه‌عیدى، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى زیقار ده‌ستنیشانكران و ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌كاربوون.

له‌ نه‌جه‌ف- یش لیوا غانم عنكوشى، ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى شاره‌كه‌ى وه‌رگرت.

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان یاسین یاسرى، وه‌زیرى ناوخۆ لیوا غانم-ى بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریكردووه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د ئه‌لمیاحى، پارێزگارى واست رایگه‌یاند: لیوا حه‌سه‌ن هاشم، به‌ ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى پارێزگاكه‌ راسپێردراوه‌.

دوێنێ خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك پارێزگاى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق روویاندا و به‌پێى سه‌رچاوه‌كانیش توندوتیژى و رووداوى جیاجیا له‌و شارانه‌ روویانداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 40 كه‌س كوژراون و 2312 كه‌سى تریش برینداربوون.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure