حكومه‌تی هه‌رێم پێنج سایلۆی تازه‌ دروستده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 443‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بارزگانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تی هه‌رێم پێنج سایلۆی تازه‌ له‌ پارێزگاكان دروستده‌كات و هه‌ر یه‌كێك له‌م سایلۆیانه‌ش له‌ توانایدا هه‌یه‌ 40 هه‌زار ته‌ن گه‌نم ئه‌مبار بكات.

 
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا دایناوه‌ پێنج سایلۆ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم دروستده‌كرێن. 

وتیشی: "دروستكردنی پێنج سایلۆی تازه‌ كاریگه‌ری زۆر باشی ده‌بێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران كه‌ ساڵانه‌ رووبه‌ڕووی جوتیاران ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌ر سایلۆیه‌ك توانای ئه‌مباركردنی 40 هه‌زار ته‌ن گه‌نمی هه‌یه‌ و سایلۆكانی تریش ساڵانه‌ توانای ئه‌مباركردنی 540 هه‌زار ته‌ن گه‌نمیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی گه‌نمی به‌رهه‌مهێندراوی گه‌نمی ساڵانه‌ی جوتیارانی نه‌بوو، به‌ڵام به‌ دروستكردنی ئه‌م پێنج سایلۆیه‌ كێشه‌ی جوتیاران به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو چاره‌سه‌رده‌كرێت". 

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ ته‌واوبوونی ئه‌م سایلۆیانه‌ و به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ ساڵانه‌ حكومه‌تی عێراق گه‌نمی جوتیاران وه‌رده‌گرێت هیچ كێشه‌یه‌ك نامێنێت به‌ناوی وه‌رنه‌گرتنی گه‌نمی جوتیاران، به‌ڵام دروستكردنی سایلۆكان كاتی ده‌وێت و گرنگه‌ به‌زوویی پڕۆژه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕی یه‌ك ملیۆن ته‌ن گه‌نم به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و به‌هۆی نه‌بوونی سایلۆ و شوێنی ئه‌مباركردنه‌وه‌ جوتیاران تووشی زیانێكی زۆر ده‌بنه‌وه‌ و گه‌نمه‌كانیان به‌ نرخێكی كه‌م ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ بازرگانان. 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure