منداڵێکی رفێندراو رزگارکرا

هەواڵ / کوردستان :: 26/10/2019‌ :: 698‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لە کەرکوک دوای چەند کاتژمێرێک لە رفاندنی منداڵێکی کورد، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رزگارکرا.


عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک (ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەکەمى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: پاش نیوەڕۆی دوێنێ لەلایەن خێزانێکەوە ئاگادارکراینەوە بەوەی منداڵێکیان بەناوی (محەمەد عەلا ئیبراهیم- تەمەن 12 ساڵ) لە گەڕەکی دۆمیز رفێندراوە.

وتیشی: "دوای پێکهێنانی تیمێک لەلایەن فەرماندەیی پۆلیسەوە، توانرا دوای چەند کاتژمێرێک منداڵەکە رزگاربکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ کەسوکارەکەی".

هەر لەبارەی ئەو رووداوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دواڕۆژی وت: رفێندراوەکە منداڵی خێزانێکی کاکەییە و پێش چەند مەترێک لە بازگەیەکی پۆلیسی ئیتیحادی لە دەروازەی ناحیەی پردێ لە ئۆتۆمبێل دابەزێنراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەوتەی منداڵەکە، ئەو کەسانەی رفاندویانە بەعەرەبی قسەیان کردوە و لە ترسی بازگەکە ناچاربوون دایبگرن و بەجێیبهێڵن.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure