رۆژنامه‌ ئیسرائیلیه‌كان: ئایا نەتانیاهۆ به‌نهێنى سه‌ردانى سعودیه‌ى كردووه‌؟

هەواڵ / جیهان :: 26/10/2019‌ :: 123‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

میدیاكانى ئیسرائیل رایده‌گه‌یه‌نن: فڕۆكه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ به‌ره‌و ریازى پایته‌ختى سعودیه‌ به‌ڕێكه‌وتووه‌ و سه‌رنشینانى فڕۆكه‌كه‌ بوونەته‌ جێی پرسیار لای خه‌ڵكى كه‌ ئایا كێ له‌ناو ئه‌و فڕۆكه‌یه‌دا بووه‌؟ 


رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێن: بنامین نەتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل و یوشی كوهین، سه‌رۆكى مۆساد كۆبونه‌وه‌یه‌كى نهێنییان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى سعودیه‌ ئه‌نجامداوه‌.

رۆژنامه‌كانى (معاریف و جیرو زالیم پۆست) بڵاویانكردووەته‌وه‌: ئێواره‌ى (رۆژی سێشه‌ممه‌ 22ی تشرینى یه‌كه‌م) له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى بن گوریون له‌ ته‌لئه‌بیب ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ فڕیوه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ عه‌مانى پایته‌ختى ئوردون نیشتووەته‌وه‌ و دواتر به‌ره‌و ریازی پایته‌ختى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ فڕیوه‌ و دوای كاتژمێرێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئیسرائیل و له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نەتانیاهۆ و كوهینى تێدا بووبێت.

هه‌واڵسازێكى رۆژنامه‌ى هائارتسی ئیسرائیلی ده‌ڵێت: "ئه‌و گه‌شته‌ ده‌گمه‌ن بووه‌" و له‌سه‌ر پێگه‌ى خۆی له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تى مارك ئه‌سپیر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌وكاته‌دا له‌ ریاز بووه‌، پرسیار ده‌كات ئایا ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا تۆماركراوه‌ هیچ به‌رپرسێكى ئیسرائیلی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كۆبونه‌وه‌یه‌كى سێ قۆڵی؟

دانى دانون، باڵیۆزى ئیسرائیل له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ رۆژنامه‌ى  (جیرو زالیم پۆست)ى راگه‌یاندوه‌: ئیسرائیل و زۆربه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندی ره‌سمیشیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا نییه‌، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ شوێنى تر له‌ دژى ئێران كار ده‌كه‌ن.

 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure