ده‌رباره‌ى ئابورى توركیا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 320‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 
له‌ دنیاى ئابوریدا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ چه‌سپیوه‌ كه‌ رۆبڵى رووسى و لیره‌ى توركى له‌ هه‌موو دراوه‌كانى دیكه‌ زیاتر له‌ژێر كاریگه‌رى رووداوه‌ سیاسییه‌كاندان، به‌ڵام له‌شكركێشییه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاواى كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ به‌و شێوه‌یه‌ لیره‌ى توركى دانه‌به‌زاند كه‌ پێشبینى ده‌كرا.


له‌ ماوه‌ى 5 ساڵى رابوردوودا لیره‌ى توركى چه‌ندین تێكشكان و كێشه‌ى تووش هات كه‌ زۆربه‌یان ده‌ره‌نجامى قه‌یرانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بوون هه‌ر له‌ قه‌یرانه‌كه‌ى ساڵى 2014وه‌ كه‌ له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ روویدا به‌هۆى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى جه‌نگى رووسیه‌وه‌، پاشان قه‌یرانى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆندا به‌هۆى قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌وه‌ دواتر ره‌تكردنه‌وه‌ى توركیا به‌وه‌ى كه‌ قودس ببێته‌ پایته‌ختى ئیسرائیل و چه‌ندین رووداوى دیكه‌ى به‌دوادا هات، ئێستاش كه‌ لیره‌ى توركى یه‌كێكه‌ له‌ خراپترین دراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى جیهان و له‌ ساڵى رابوردوودا له‌ 30%ى به‌هاكه‌ى له‌ده‌ستچووه‌، به‌ڵام وا پێده‌چێت ئێستا ئه‌و دراوه‌ له‌ جاران خۆڕاگرتر بێت ئه‌گه‌رچى بارودۆخه‌ ده‌ره‌كییه‌كان دژوارترن، ئایا ئه‌م جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌ى دراوى توركى ره‌نگدانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى ئابوورى گشتى توركیایه‌؟

نێوه‌نده‌ ئابورییه‌كانى جیهان ده‌ڵێن: ئابورى توركیا هێشتا له‌رزۆكه‌ و هه‌موو زه‌برێكى ده‌ره‌كى ده‌توانێت زیانى گه‌وره‌ى پێ بگه‌یه‌نێت و سه‌ره‌نجام به‌هاى لیره‌ جارێكى دیكه‌ داببه‌زێته‌وه‌. 

نكوڵى له‌وه‌ ناكرێت كه‌ ئابورى توركیا به‌ قۆناغێكى هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا ئابورى ئه‌و وڵاته‌ به‌ رێژه‌ى 2.6% بچوك بووه‌وه‌ كه‌ پێشتریش له‌ ساڵى 2018دا چه‌ندین جار بچوكتر و بچوكتر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئاماژه‌ سه‌ره‌كییه‌ ئابورییه‌كان ده‌بینین ئابورى توركیا به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ده‌چێت ئاماژه‌كانیش بریتین له‌ خاوبوونه‌وه‌ى هه‌ڵئاوسان و جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌ك له‌ به‌هاى دراودا.

سه‌ربارى ئه‌م راستیانه‌ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ چاكسازى زیاتر ئه‌نجامنه‌دات ناتوانێت گه‌شه‌كردنێكى به‌هێز و به‌رده‌وام به‌ده‌ست بهێنێت". 

توركیا له‌ رووى ئابورییه‌وه‌ پشتى به‌ كه‌رتى گه‌شتیارى و هه‌نارده‌كردن و ژێرخانى وڵات به‌ستووه‌. پێشبینى ده‌كرێت ژماره‌ى گه‌شتیاران بۆ توركیا له‌ ساڵى 2019دا بگاته‌ 50 ملیۆن كه‌س كه‌ زیاتر له‌ 35 ملیار دۆلار قازانج به‌و وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نن ئه‌مه‌ش به‌ به‌راورد به‌ ساڵى 2018 گه‌شه‌كردنێكى به‌رچاوه‌. له‌ رووى بازرگانیشه‌وه‌ ته‌نیا له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا توركیا بایى زیاتر له‌ 44 ملیار دۆلار كاڵاى جۆراوجۆرى هه‌نارده‌ كردووه‌ كه‌ له‌ مێژووى ئه‌و وڵاته‌دا بێ وێنه‌یه‌.

ده‌زگا ئابورى و داراییه‌كانى توركیا پێشبینى ده‌كه‌ن هه‌تا ساڵى 2023 ئابورى وڵاته‌كه‌یان به‌ رێژه‌ى له‌ 4.3% گه‌شه‌بكات ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ى نه‌خشه‌یه‌كى 5 ساڵیدا. به‌لاى شاره‌زایانى ئابورییه‌وه‌ گرنگترین خاڵى گه‌شه‌ له‌ ئابورى حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌دا شكستهێنانى سزاكانى هه‌فته‌ى رابوردووى واشنتۆنه‌ كه‌ نه‌یتوانى ئابوورى توركیا بهه‌ژێنێت. 

كه‌مبوونه‌وه‌ى هاورده‌كردن و هه‌ڵكشانى گه‌شتیارى و هه‌نارده‌كردن نه‌یانهێشت لیره‌ى توركى هه‌ره‌س بهێنێت.

مه‌سه‌له‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ نابێت پشتگوێ بخرێت بارودۆخى سیاسى ناوخۆیه‌، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ توركیا رووبه‌ڕووى چه‌ند ئاژاوه‌یه‌كى سیاسى بووه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌كه‌ سه‌قامگیرتره‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات ئابوورى وڵات به‌رگه‌ى گرژى و ئاڵۆزییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بگرێت.

 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure