جوان ئیحسان: هه‌رێمى كوردستان له‌لای هه‌ندێك لایه‌نى عێراقى كیانێكى نامۆیه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 17914‌ جار بینراوە
جوان ئیحسان

دواڕۆژ، سامان قوبادى

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق باس له‌ مه‌ترسییه‌كانى داهاتووى سه‌ر هه‌رێم ده‌كات، له‌ ئه‌نجامى نه‌مانى حكومه‌تى ئێستاى به‌غدا، دكتۆره‌ جوان ئیحسان سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، ده‌ڵێت: پێویسته‌ حیزبه‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێم به‌ ئاگابێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ روخانى سیستمى حكومڕانى ئێستاى عێراق "هه‌وڵى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنى هه‌رێمى كوردستان". 

دواڕۆژ: ئاڵۆزییه‌كانى عێراق ته‌شه‌نه‌یسه‌ندووه‌، وه‌كو سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى لێكدانه‌وه‌تان چۆنه‌ و پێتانوایه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ كوێ ده‌گات؟
جوان ئیحسان:
خۆپیشاندانه‌كان زیاتر ته‌شه‌نه‌یسه‌ندووه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانێكى سروشتییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك داواكارى له‌خۆگرتووه‌، كه‌ زۆربه‌ى دووباره‌كردنه‌وه‌ى خیتابه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی-یه‌، مه‌رجه‌عیه‌ت پشتگیرى له‌مانه‌وه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ جێگیرى ئه‌منیدا پشتگیرى چاكسازى ده‌كات، تێكچوونى عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند گروپێكدایه‌ كه‌ نایانه‌وێت ئه‌م ده‌سته‌یه‌ى ئێستا كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به‌رده‌وام بن، به‌شێكى باشیان له‌ناو شیعه‌كان خۆیانن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ستى هێزه‌ سیاسییه‌كاندا بێت به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌، تا ماوه‌یه‌كى تر خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام هیچ له‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و كۆنتڕۆڵیان به‌سه‌ر شانۆى سیاسى ئێستاى عێراق ناگۆڕێت، سوونه‌كان ئێستا ته‌نیا ته‌ماشاكه‌رن، چونكه‌ پارچه‌ پارچه‌ن و ئه‌و هێزه‌یان نییه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ى خۆیان لایه‌نێكى به‌هێز له‌ پشتیان نییه‌ تا بتوانن شتێك به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌گه‌ر هه‌شتبێت دووباره‌ به‌راورد به‌ شیعه‌ هیچیان پێناكرێت، بۆیه‌ پشتگیرییه‌كى توند و به‌هێز له‌پشت به‌رده‌وام بوونى ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ وتارى سه‌رۆك وه‌زیراندا ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ متمانه‌وه‌ قسه‌ى ده‌كرد.

دواڕۆژ: ئه‌و خاڵانه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌ له‌ واقیعدا ده‌توانرێت جێبه‌جێ بكرێت؟ قورس نییه‌؟
جوان ئیحسان:
له‌رووى كردارییه‌وه‌ ئه‌كرێت ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كان خۆیان بهێڵن ئه‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ كێشه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا نییه‌، به‌ڵكو له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كاندایه‌، كه‌ خۆیان داواى چاكسازى ده‌كه‌ن، له‌هه‌مانكاتدا رێگریشن له‌به‌رده‌م چاكسازیدا.

دواڕۆژ: بڕیارێكى عادل عه‌بدولمه‌هدى تایبه‌ته‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ تایبه‌ته‌كان بۆ نیوه‌، ئایا په‌رله‌مانى عێراق چى ده‌كات له‌مباره‌یه‌وه‌؟ 
جوان ئیحسان:
په‌رله‌مانى عێراق پشتگیرى ده‌كات، ناتوانێت رێگر بێت له‌به‌رده‌مى، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ له‌ چاكسازى و كه‌مكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ناگۆڕێت، پله‌ تایبه‌ته‌كان وه‌زیر و حاكمن، ئه‌مانه‌ به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌یان له‌ئه‌ستۆیه‌، ئه‌گه‌ر له‌رووى مادییه‌وه‌ پێداویستییه‌كانیان پڕنه‌كرێته‌وه‌ له‌مه‌ودوا ره‌نگه‌ په‌ناببه‌نه‌به‌ر گه‌نده‌ڵى، ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌كات به‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌یكات.

دواڕۆژ: به‌ نه‌مانى ئه‌و تیمه‌ى حكومه‌تى ئێستاى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئایا رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند قورستر نابێت؟ چاره‌نوسى بوودجه‌ و مووچه‌ به‌چى ده‌گات؟
جوان ئیحسان:
زۆریش قورسه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێكى ئه‌و رقه‌ى به‌رامبه‌ر شه‌خسى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌، كه‌ له‌نێوان هه‌موو سیاسییه‌كانى عێراق زۆر كه‌متر ده‌ستى سووره‌ به‌ خوێنى عێراقییه‌كان و نه‌ته‌وه‌كانى، له‌ هه‌موویان كه‌متر مه‌له‌فى گه‌نده‌ڵى ماددى له‌سه‌ره‌، خه‌ڵكانێك هه‌ن تا بینه‌قاقایان گه‌نده‌ڵییه‌ ئه‌وان ده‌وڵه‌تى عێراقیان نزیك له‌ داروخان كردووته‌وه‌، بۆچى باسى ئه‌وان ناكرێت، یان بۆچى باسى مالیكى و عه‌بادى ناكرێت كه‌ زۆربه‌ى كێشه‌كان به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌ دروست بووه‌، ئه‌و كێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندا هه‌یه‌ ده‌رهاویشته‌ى كابینه‌ى پێشووه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدى زۆر به‌ ته‌حه‌موله‌ و به‌ حه‌كیمانه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت چاره‌سه‌ربكات، بۆیه‌ نه‌مانى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و روخانى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى هه‌رێمى كوردستان رووبه‌رووى مه‌ترسى و كێشه‌ى گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌رووى داراییه‌وه‌، واته‌ بوودجه‌ و مووچه‌وه‌.

دواڕۆژ: ئایا چاكسازى و فشاره‌كان ده‌بێته‌ هۆى گۆڕانكارى له‌ بڕگه‌كانى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌رێمه‌وه‌؟
جوان ئیحسان:
بێگومان كاریگه‌ریى ده‌بێت، كابینه‌ى ئێستا و وه‌زاره‌تى دارایى كاریان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد بتوانن نزیكییه‌ك له‌ راوبۆچوونه‌كانى هه‌ردوو حكومه‌تدا دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته‌یه‌ى ئێستا عێراق بگۆڕدرێت، كۆمه‌ڵێك كه‌سى تر ببنه‌ حكومڕان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تێڕوانینێكى رق و قینه‌یان به‌رامبه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌ و نایانه‌وێت به‌ره‌و چاره‌سه‌ر بڕۆن، ئه‌وكات مه‌سه‌له‌ى رێككه‌وتن له‌سه‌ر بوودجه‌ و به‌شى هه‌رێم ئاڵۆز ده‌بێت، بۆیه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ رێككه‌وتن نه‌كرێت.

دواڕۆژ: ئه‌و چاكسازییانه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌یه‌وێت بیكات، پێتوایه‌ به‌شێكى به‌رپرسانى كورد له‌ به‌غدا بگرێته‌وه‌؟
جوان ئیحسان:
به‌رپرسه‌ كورده‌كانى ئه‌م كابینه‌یه‌ كه‌مترین گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق پێوه‌ى ده‌ناڵێنێت ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌ر به‌ شیعه‌ و سونه‌ن، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ كورد ده‌سه‌ڵاتێكى ئه‌وتۆى نییه‌ تا مه‌له‌فى گه‌وره‌یان له‌به‌رده‌ستدا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ناوى ئه‌وان له‌ ناو ئه‌و لیسته‌دا نییه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ گه‌نده‌ڵى، له‌و چاكسازییانه‌ى ده‌كرێت كه‌مترین پشك به‌ر كورد ده‌كه‌وێت له‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى عێراقدا، ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له‌ گه‌نده‌ڵیدا هه‌یه‌، ئه‌و ناوانه‌ نین كه‌ خه‌ڵك به‌ وێنه‌یه‌كى گشتى ده‌یانناسێت، به‌ڵكو خه‌ڵكانێكن له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ژین و ئیشه‌كه‌یان له‌ناو سیاسه‌تدا نییه‌، به‌ڵام سوود له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌گه‌ڵ په‌رپرسان هه‌یانه‌.

دواڕۆژ: ئاڵۆزییه‌كان به‌ هه‌وڵێك بۆ كوده‌تاكردن به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى داده‌نرێت، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم چۆن ئاماده‌كاریى بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكات؟
جوان ئیحسان:
پێویسته‌ هه‌رێم هۆشیار بێت، ركابه‌رى سیاسى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر حسابى پرسه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان مه‌ترسییه‌، گله‌ییمان له‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌رێم هه‌یه‌، ئه‌ركى خۆیان وه‌كو حیزبى به‌رپرس نابینن، نمونه‌ى توركیا له‌به‌رده‌میاندایه‌، ئه‌و لوت به‌رزییه‌ى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان كه‌ خۆیان به‌ حیزبى گه‌وره‌ ده‌زانن و به‌و شێوه‌یه‌ش مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت ده‌رس له‌مه‌ وه‌ربگرن، وه‌كو نوێنه‌رى خه‌ڵك له‌ به‌غدا به‌ركه‌وته‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ جیاجیاكانى عێراق، به‌لایانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان كیانێكى زۆر نامۆیه‌ و دڵیان پێیناكرێته‌وه‌، قبوڵى ناكه‌ن، قورسه‌ به‌لاى ئه‌وانه‌وه‌، له‌دواى رووخانى سیستمى سیاسى ئێستاى عێراق هه‌وڵى راسته‌قینه‌ و مه‌ترسیدار ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌بارببرێت و ئه‌م ئه‌زمونه‌ نه‌مێنێت، بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر بوودجه‌ و مووچه‌ى هه‌رێم نامێنێته‌وه‌، پێویسته‌ حیزبه‌ گه‌وره‌كان به‌ ئاگابێنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت پارتى دیموكراتى كوردستان به‌رپرسیارێتى هه‌ڵبگرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە