لوبنان: رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نگرانى حزبوڵا و خۆپیشانده‌ران روویدا

هەواڵ / جیهان :: 25/10/2019‌ :: 177‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نگرانى حزبوڵا و خۆپیشانده‌ران له‌ ناوه‌ڕاستى به‌یروت روویدا.


میدیاكان بڵاویانكرده‌وه‌: رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى توند له‌نێوان لایه‌نگرانى حزبوڵا و خۆپیشانده‌ران له‌ گۆڕه‌پانى (ریاز سلح)ى ناوه‌ڕاستى به‌یروت روویداوه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستێوه‌ردانیان كردووه‌ بۆ لێك جیاكردنه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ گه‌وره‌بوونى رووداوه‌كان.

هه‌روه‌ك رونیشیانكرده‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانى حزبوڵا ده‌ستگیركراون.

له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانى خۆپیشاندانه‌كانى لوبنان بۆ رۆژى نۆیه‌م، خۆپیشانده‌ران خێوه‌تیان له‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ڵدا بۆ په‌كخستنى هاتووچۆ و سه‌پاندنى هه‌ڵمه‌تى مانگرتنى مه‌ده‌نیانه‌ و درێژه‌دان به‌ فشاره‌كان بۆ سه‌ر حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى.

هه‌روه‌ك بانك و زانكۆ و قوتابخانه‌كانیش داخراون، له‌چوارچێوى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى به‌هۆى پێشنیارى نوێى باج هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌.

پێشتریش خۆپیشانده‌ران بۆ ماوه‌یه‌ك رێگاى خێراى نێوان شارى سه‌یداى باشوریان به‌ به‌یروت-ه‌وه‌ داخست له‌رێى سوتاندنى تایه‌ و رێگریكردن له‌ هاتووچۆ، به‌ر له‌وه‌ى جارێكى تر سوپا رێگاكه‌ به‌ رووى هاتووچۆكاراندا بكاته‌وه‌.

له‌سه‌ر رێگاى خێراى سه‌ره‌كیش كه‌ رۆژهه‌ڵاتى به‌یروت به‌ رۆژئاواكەيەوە ده‌به‌ستێته‌وه‌، خۆپیشانده‌ران خێمه‌یان هه‌ڵدا و هه‌ندێكیشیان له‌سه‌ر رێگاكه‌ نوستن بۆ رێگرى له‌ هاتووچۆكردن تیایدا.

به‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێنه‌كانى حكومه‌ت له‌باره‌ى چاكسازى، ناڕازییان درێژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: به‌رپرسانى ئێستاى وڵات گه‌نده‌ڵن و پێویسته‌ بڕۆن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure