لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى: توركیا ئاواره‌ سورییه‌كان ناچار به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 25/10/2019‌ :: 216‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌سه‌ڵاتدارێتى توركیا ئاواره‌ سورییه‌كان به‌زۆر ره‌وانه‌ى ناوچه‌كانى وڵاته‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌تیش (ناوچه‌ى ئارام) كه‌ به‌نیازى دروستكردنیه‌تى.


رێكخراوه‌كه‌ له‌ راپۆرتێكیدا كه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: توركیا ئاواره‌ سورییه‌كان به‌زۆر ره‌وانه‌ى ناوچه‌ سنورییه‌كانى سوریا ده‌كات، له‌كاتێكدا مه‌به‌ستیه‌تى "ناوچه‌ى ئارام"ى تیا دروستبكات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ململانێكانى ئه‌و ناوچانه‌ هێشتا كۆتاییان نه‌هاتووه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئه‌و ئاوارانه‌ى گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ سكاڵایان كردووه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ یان ناچاركردنیان له‌لایه‌ن پۆلیسى توركیاوه‌ بۆ واژۆكردن له‌سه‌ر نوسراوێك كه‌ تیایدا هاتووه‌ به‌ ویستى خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سوریا.

به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌نقه‌ره‌ هیچ وه‌ڵامێكى راپۆرته‌كه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها ده‌ڵێت: زیاتر له‌ 350 هه‌زار ئاواره‌ى سورى به‌ ویستى خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى خۆیان و ره‌تیشیده‌كاته‌وه‌ به‌زۆر ره‌وانه‌ بكرێنه‌وه‌.

رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى پێیوایه‌ توركیا ژیانى ئاواره‌ سورییه‌كان رووبه‌ڕووى مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ ناچاركردنیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى جه‌نگ.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ژماره‌ى پڕۆسه‌كانى زۆر ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ له‌ چه‌ند مانگى كه‌مى رابوردوودا گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌دان، ئه‌مه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ى ئه‌نجامیانداوه‌ له‌ نێوان مانگه‌كانى ته‌مموز تا تشرینى یه‌كه‌م.

له‌ئێستادا نزیكه‌ى 3.6 ملیۆن په‌نابه‌رى سورى له‌ توركیادان و ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌یه‌وێت ره‌وانه‌ى وڵاته‌كه‌ى خۆیان بكاته‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ى دوو ملیۆنیان له‌ "ناوچه‌ى ئارام" نیشته‌جێ بكات.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure