ده‌ستگیركردنى چه‌كدارێك له‌ناو خۆپیشانده‌راندا راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / عێراق :: 25/10/2019‌ :: 1605‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

شانى راگه‌یاندنى ئه‌منى رایده‌گه‌یه‌نێت: چه‌كدارێكیان له‌ به‌غدا ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى كردووه‌ته‌ ئامانج.


شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) رایگه‌یاند: مه‌فره‌زه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هه‌واڵگرى و ئاسایش خۆپیشانده‌رێكیان له‌ شه‌قامى سه‌عدون له‌ نزیك گۆڕه‌پانى نه‌سڕ ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ ده‌مانچه‌یه‌كى له‌ جۆرى (كڵۆك) پێبووه‌ و ته‌قه‌ى له‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش كردووه‌.

ئه‌وه‌شى وت: تۆمه‌تبار راده‌ستى فه‌رمانده‌یى پڕۆسه‌كانى به‌غدا كراوه‌ به‌مه‌به‌ستى گرتنه‌به‌ری رێوشوێنى یاسایى و ئاراسته‌كردنى بۆ دادگا.

ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و به‌شێك له‌ شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق بۆ ناڕه‌زایى نیشاندان به‌رامبه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و خراپى خزمه‌تگوزارییه‌كان و نه‌بوونى هه‌لى كار ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

به‌پێى میدیاكانیش به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ تائێستا دوو خۆپیشانده‌ر كوژراون و ده‌یانى دیكه‌ش برینداربوون.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ و بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك شارى دیكه‌ى عێراق روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 خۆپیشانده‌ر كوژران، له‌سه‌ر رووداوه‌كان و به‌تایبه‌تیش بوونى كوژراو و بریندار، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ى پێكهێنا و بڕیاریشدرا تۆمه‌تباران ره‌وانه‌ى دادگا بكرێت.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure