چاره‌نووسى مووچه‌ى سێ مانگى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دیاریده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 25/10/2019‌ :: 47231‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه‌ ئه‌مساڵیش مووچه‌ی هیچ مانگێك پاشه‌كه‌وت نه‌كرێت و دابه‌شكردنی مووچه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌ سێ مووچه‌ى كۆتایى ئه‌مساڵیش چاره‌سه‌رێك ئاشكراده‌كات. 


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم (ئه‌مڕۆ هه‌ینی 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران مانگانه‌ تا كۆتایى ئه‌مساڵ به‌پێى ریزبه‌ندى پێشوو به‌رده‌وام ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، وتیشی: "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌ گفتوگۆداین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نه‌وت و دارایی و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا شاندی هه‌رێم و به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ به‌غدا و دیاریكردنی بوجه‌ی 2020 و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم تیایدا". 

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى مووچه‌ی سێ مانگى كۆتایى ئه‌مساڵیش سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم هیچ بڕیارێكی نه‌داوه‌ بۆ پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی ئه‌مساڵ كه‌ دواكه‌وتووه‌ له‌ دابه‌شكردن و پێدانی مووچه‌ مانگانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وكاته‌ی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ راده‌ستی به‌غدا ده‌كرێت هه‌رێم پێشنیارێكی كردووه‌ كه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م نه‌وته‌ی ده‌درێته‌ به‌غدا مانگانه‌ پاره‌ی زیاتر بۆ فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت تاوه‌كو مووچه‌ی ئه‌م مانگانه‌ی پێدابه‌شبكه‌ن و دڵنیاشین حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ ده‌دات. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران روونیشیكرده‌وه‌: داهاتی نێوخۆی هه‌رێم به‌راورد به‌ ساڵانی پێشوو به‌ رێژه‌یه‌كی باش زیادیكردووه‌ و له‌ ماوه‌كانی رابوردوو به‌شێك له‌و داهاتانه‌ بۆ هه‌ندێ پڕۆژه‌ی ته‌واونه‌كراو ته‌رخانكراوه‌ و له‌ داهاتووش له‌و داهاتانه‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی پێده‌درێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ دواتر ده‌كرێته‌ بڕیار بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێوه‌ی پابه‌ندبێت. 

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌م نزیك ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئه‌مساڵ تاوه‌كو ئێستا مووچه‌ی حه‌وت مانگی دابه‌شكردووه‌ و مووچه‌ی مانگه‌كانی  (8، 9، 10، 11 و 12) دابه‌شنه‌كراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure