مه‌زڵوم عه‌بدى.. جه‌نه‌ڕاڵى به‌رگرى

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 903‌ جار بینراوە
مه‌زڵوم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات

دواڕۆژ

پاش تویتێك كه‌ تیایدا له‌ به‌ها و تێكۆشانى شه‌ڕڤانانى كوردى به‌لاى واشنتنه‌وه‌ كه‌مكرده‌وه‌، سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌مدواییه‌ هه‌نگاوێكى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى نا و په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ئه‌نجامدا و سڵاو و پێزانینى خۆى بۆ كورد ده‌ربڕى.

مه‌زڵوم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بووه‌ بابه‌تى تویتێكى دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا كه‌ تیایدا خۆشحاڵى خۆى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدا و ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ى توڕه‌یى و بێزاربوونى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان،ى سه‌رۆك كۆمارى توركیا.

مه‌زڵوم عه‌بدى، یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ خوازراوه‌كانى ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ى به‌مدواییه‌ بووه‌ته‌ باس و ناونیشانى زۆرینه‌ى هه‌واڵه‌كان و له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ بڕیاربه‌ده‌ست و كاربه‌ده‌ستانى وڵاتانى گه‌وره‌ى جیهانه‌وه‌ په‌یوه‌ندى پێوه‌ده‌كرێت، ئه‌و جگه‌ له‌و ناوه‌ چه‌ند ناوێكى ترى هه‌یه‌ له‌وانه‌: مه‌زڵوم كۆبانێ، خاڵ، شاهین جیلۆ، له‌كاتێكدا ناوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى (فه‌رهاد عه‌بدى شاهین)ه‌.

له‌ئێستاشدا به‌ جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم عه‌بدى، ناوده‌برێت و فه‌رمانده‌ى راسته‌قینه‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكراته‌، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ شه‌ڕڤانانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل، باڵى سه‌ربازى پارتى یه‌كێتى دیموكرات (په‌یه‌ده‌) پێكدێت.

عه‌بدى، ساڵى 1967 له‌ شارى كۆبانێ له‌دایكبووه‌ و له‌ ساڵى 1990 په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ پارتى كرێكارانى كوردستانه‌وه‌ و به‌پێى هه‌ندێك له‌ راپۆرته‌كان یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان،ى سه‌ركرده‌ى ده‌ستگیركراوى پارتى كرێكارانى كوردستان.

له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، مه‌زڵوم عه‌بدى له‌ چه‌ند پڕۆسه‌یه‌كى دژ به‌ سوپاى توركیا له‌ هه‌ككارى به‌شدارى كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌نقه‌ره‌وه‌ خراوه‌ته‌ لیستى داواكراوانه‌وه‌ و له‌ ریزبه‌ندى نۆیه‌مدایه‌.

پێشتر چه‌ندین به‌رپرسیارێتى له‌ ریزه‌كانى په‌كه‌كه‌دا له‌ئه‌ستۆگرتووه‌ كه‌ گرنگترینیان به‌رپرسى هێزه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌ندامى لیژنه‌ى جێبه‌جێكردن بووه‌.

پاش چه‌ندین ساڵ له‌ كارى سه‌ربازى مه‌یدانى گه‌شتى ئه‌وروپاى كردووه‌ و تا ساڵى 2003 ماوه‌ته‌وه‌ و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و كارى سیاسى كردووه‌.

دوابه‌دواى سه‌رهه‌ڵدانى ناكۆكییه‌كانیش له‌ سوریا له‌ ساڵى 2011، مه‌زڵوم عه‌بدى، وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین سه‌ركرده‌كانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل ده‌ركه‌وت.

له‌ ساڵى 2014 ناوى له‌نێو وتوێژكاران له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌ك دژ به‌ رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) له‌ سوریا، دواتریش بووه‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات.

ناوهێنانى مه‌زڵوم عه‌بدى و په‌یوه‌ندى پێوه‌كردنى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ بۆ توركیا بووه‌ مایه‌ى نیگه‌رانى بۆیه‌ سه‌رۆك كۆمارى ئه‌و وڵاته‌ له‌دوایین لێدوانیدا بۆ ته‌له‌فزیۆنێكى توركى نیگه‌رانى خۆى له‌باره‌یه‌وه‌ نیشاندا و داواشى له‌ واشنتۆن كرد راده‌ستى وڵاته‌كه‌ى بكات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ چوارشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌ندامه‌ كۆمارى و دیموكراتیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پیران داوایان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كرد ڤیزه‌ بده‌نه‌ مه‌زڵوم تا بتوانێت سه‌ردانى ئه‌مریكا بكات بۆ تاوتوێكردنى دۆخى سوریا.

س: ئه‌لجزیره‌
ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە