لەگۆڕستانێكی سلێمانی دوو تەرم لە یەك گۆڕدا دەنێژرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/10/2019‌ :: 689‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
 
بەشێك لە گۆڕەكانی گردی سەیوان لە سلێمانی تێكدراون، باس لەوە دەكرێت بەمەبەستی ناشتنی جەنازەی ترە تێیدا، خاوەنی گۆڕەكانیش نیگەرانن لەم دیاردەیە و داوای دۆزینەوەی ئەو كەسانە دەكرێت ئەو كارەیان كردووە، ئەوەش دەخرێتەڕوو، قەبر هەڵكەنەكان پارەی باشتر وەردەگرن، بۆیە بەشێك لەو گۆڕانە بەبیانووی تێپەڕبوونی كاتێكی زۆر بەسەریدا، تێكدەدرێت، جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت: "بەدواداچوون دەكەن و ئەوانەش دەدەینە دادگا كە ئەو كارە دەكەن".


بەپێی زانیارییەكان هەڵكەندنی هەر گۆڕێك نرخەكەی لەنێوان  300 بۆ 350 هەزار دیناردایە، بەهۆی نەبوون و قورسیی دۆزینەوەی شوێنەكە ماوەیەكە لەو گۆڕستانە نرخەكە گران بووە، تەنانەت بەشێك لە هاوڵاتییان پێش ئەوەی ئازیزانیان كۆچی دوایی بكەن، شوێن بۆ خۆیان دیاری دەكەن و پارەیەكی زیاتری پێدەدەن.

عەلی حسێن لە گۆڕستانی سەیوان خاوەنی یەكێكە لەو گۆڕانەی كە بەشێكی تێكدراوە بۆ دواڕۆژ  باس لەوە دەكات "ئەو گۆڕەی كە كێلەكەی شكێندراوە و شێوێندراوە 32 ساڵ بەر لەئێستا تەرمی باوكی تێدا نێژراوە، بەداخەوە نازانین كێن ئەم كارە دەكەن، بەڵام وەك بیستومانە بۆ ئەوەیە گۆڕە كۆنەكان جەنازەی تری تێدا بنێژرێت و ئەو كەسانەی قەبر هەڵدەكەنن پارەیەكی زیاتر وەردەگرن، كەسیش نییە لەمە بپرسێتەوە، بۆیە چاكی دەكەینەوە تا لەناو نەبرێت و شوێنەكەی ون نەكرێت".

ناوبراو وتیشی: "لەم گۆڕستانە شوێن نەماوە بۆ ناشتنی تەرم، بۆیە كێلی ئەو گۆڕانەی ماوەی چەندین ساڵ تێپەڕ بووە بەسەریدا تێك دەدرێن، بەهۆی نزیكی شوێنەكە كەسوكاری كۆچكردوو دەیەوێت لەوێ بنێژرێت، تا لە رۆژانی هەینیدا لەكاتی سەردانیكردنیدا رێگەی دوور نەبڕێت، داوادەكەین لایەنی پەیوەندیدار ئەو كەسانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات".

ئاوات عەلی یەكێك لە گۆڕ هەڵكەنەكانی گردی سەیوان بە دواڕۆژی وت: "قەدەغەیە گۆڕی كەسی تر تێكبدرێت و دوو جەنازەی تێدا بنێژرێت، بەشێك لە گۆڕەكان تێكدراون، بەڵام نازانرێت ئەمە كاری كێیە ئایا گۆڕ هەڵكەنەكانن یان خەڵكی تر، بەڵام خەڵكیش داوامان لێ دەكەن بەزۆر شوێنی گۆڕێك بۆ ئەو كەسە دابینبكەین كە كۆچی كردووە، ناچارین لە تەنیشت قەبرێكی ترەوە بۆی هەڵكەنین، ئەمەش دەبێتەهۆی تێكدانی گۆڕەكەی تەنیشتی و دەركەوتنی ئێسك و پروسكی تەرمەكە".

ئاكو عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند "بەرپرسی هۆبەی سەرقەبرانەكان ئاگادار دەكەمەوە لەم حاڵەتە تا بەدواداچوونی بۆ بكرێت، گۆڕ هەڵكەنەكان زۆرجار قەبرێك هەڵدەكەنن بۆ تەرم، بەڵام دەبینن تەرمی تێدایە، ئێستاش قەبرستانی سەیوان شوێنی تێدا نەماوە بۆ ناشتن، مەگەر یەكێك وەسێتی كردبێت كە دەبێت لەوێ بنێژرێت، ئەوكات گۆڕ هەڵكەنەكان لەنێوان دوو قەبردا شوێنی بۆ دیاری دەكەن".  

جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی وت: "لەم كۆمەڵگەیەی ئێمەدا هەموو شتێك ئەگەری روودانی هەیە، بۆیە پاش پەیوەندییەكەی ئێوە لەگەڵ بەرپرسی سەرقەبرانەكان قسەدەكەم ئەگەر ئەم كارە كرابێت رایبگرن، تەنیا دەبێت لە حاڵەتێكدا قەبر تێك بدرێت و لاببرێت كە رێگری بكات لە پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری گشتی، ئەوكات بەفەرمی ئاگاداری كەسوكارەكانیان دەكەینەوە تا بیگوازنەوە، بەڵام هەر گۆڕ هەڵكەنێك جەنازەی خستبێتە قەبری ترەوە دەیدەین بە دادگا و رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure