له‌ ماوه‌ی نۆ مانگدا نزیكه‌ی هه‌زار و 500 كۆمپانیا تۆماركراون

هەواڵ / ئابوری :: 24/10/2019‌ :: 321‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری كۆمپانیاكان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌م ساڵ تۆماركردنی كۆمپانیا ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه‌، ته‌نها له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا هه‌زار و 443 كۆمپانیا تۆماركراون. 


به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، له‌ هه‌رێمی كوردستان 30 هه‌زار و 100 كۆمپانیا تۆمار كراون كه‌ له‌م رێژه‌یه‌ش 26 هه‌زار و 779 كۆمپانیا نێوخۆیین و سێ هه‌زار و 325ی دیكه‌ش بیانین. 

ئاراس شێخ ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان به‌ وه‌كاله‌ت به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "به‌هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئارامی هه‌رێمی كوردستان تادێت ژماره‌ی كۆمپانیاكان روو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن و ته‌نها له‌ماوه‌ی نۆ مانگی ئه‌مساڵدا هه‌زار و 443 كۆمپانیای تازه‌ تۆماركراون كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ 46 كۆمپانیا بیانین". 

وتیشى: "به‌راورد به‌ نۆ مانگی ساڵی رابووردوو تۆماركردنی كۆمپانیا به‌ رێژه‌ی له‌ 62% زیادیكردووه‌ ئه‌مه‌ش بۆ پێگه‌ی ئابووری هه‌رێم سودی باشی ده‌بێت". 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "رۆتینیات له‌ تۆماركردنی كۆمپانیا نه‌ماوه‌ و ئێستا خاوه‌ن كار ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ناوی كۆمپانیاكه‌ی تۆمار بكات و دایبمه‌زرێنێت، كه‌ ئه‌وه‌شیان ئاسانكاریه‌كی زۆری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆمپانیا دابمه‌زرێنن".  
 
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌ هه‌رێم كوردستان سی هه‌زار و 323 كۆمپانیاى 86 وڵات ئۆفیس و لقیان له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ كه‌ وڵاتی توركیا له‌و رێژه‌یه‌ زۆرترینی به‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌زار و 423 كۆمپانیای هه‌یه‌ و ئێرانیش 361 كۆمپانیای هه‌یه‌ و ئیماراتیش 185 كۆمپانیا و به‌ریتانیاش 147 كۆمپانیا و ئه‌مه‌ریكا 140 كۆمپانیا و ئوردنیش 109 كۆمپانیا. 

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ زۆرترین تۆماركردنی كۆمپانیا له‌ هه‌ولێره‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی بیست هه‌زار كۆمپانیا ده‌بێت.

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە