وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هۆشداری دەدات

هەواڵ / عێراق :: 24/10/2019‌ :: 57070‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هۆشداری ده‌دات له‌ داڕوخانی سیستمی دارایی وڵاته‌كه‌و ده‌ڵێت "له‌ده‌رئه‌نجامی هه‌ر داوایه‌ك بۆ روخاندنی حكومه‌ت، 4.5 ملیۆن فه‌رمانبه‌ر و 2.5 ملیۆن خانه‌نشین زیانیان پێده‌گات".


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ سایتی ئه‌سرار میدیا ئاشكرای كردووه‌: له‌ ئێستادا 25 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌توانن به‌رگه‌ی تێكچوون و داڕوخانی سیستمی دارایی بگرن، چونكه‌ هیچ پاشه‌كه‌وتێكی ئه‌وتۆیان نییه‌ له‌ مانگێك زیاتر به‌رگه‌ بگرن.

چه‌ند رۆژێكه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی بڕیاره‌ رۆژی هه‌ینی له‌ به‌غدا ئه‌نجامبدرێت، دۆخی عێراق تێكبچێت كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر دۆخی ئابوری و ژیانی هاووڵاتیان.

پێشبینی ده‌كرێت له‌ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كه‌ راسپێردراوه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای خانه‌نشینی ژماره‌ (9)ی ساڵی 2019، كاره‌كانی ته‌واو بكات كه‌ خۆی له‌ چه‌ندین گۆڕانكاریدا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌كو كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ 60 ساڵ، هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ 50 ساڵه‌وه‌ بۆ 45 ساڵ.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و چاكسازییانه‌ له‌ یاسای خانه‌نشینی، پێشبینی ده‌كرێت مووچه‌ی خانه‌نشینان له‌ نێوان 500 بۆ 800 هه‌زار دیناردا بێت و پێش كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: چاكسازی له‌بواره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مووچه‌ی پله‌ باڵاكان و رێكخستنه‌وه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت، هه‌روه‌ها به‌خشینی بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان.

عه‌بدولمه‌هدی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ وتارێك پێشكه‌شی گه‌لی عێراقی ده‌كه‌م، كه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ چه‌ندین بابه‌تی هه‌نووكه‌یی وڵاته‌وه‌، جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌نگاوی به‌په‌له‌و ئه‌نجامدانی چاكسازی گرنگ له‌ بواره‌كانی كابینه‌ی حكومه‌ت و مووچه‌ و سه‌ربه‌خۆیی وه‌زاره‌ته‌كان و گرنگیدانی ته‌واو به‌ گه‌نجان.

وتیشی: "حكومه‌ت جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری هه‌ڵده‌ستێت به‌ دامه‌زراندنی (دادگای ناوه‌ندی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی) بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران و كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌ روونی و ئاشكراكردنی بۆ رای گشتی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پاره‌ی پرۆژه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كان و قوتابخانه‌كان و رێگاوبان و پرد و به‌نداوه‌كانیان دزیوه‌، هه‌روه‌ها به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا كار ده‌كه‌م بۆ ده‌رچواندنی یاسای ئه‌مه‌ت له‌ كوێ هێنا؟ (من أین لك هذا؟).

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure