تابلۆی ژماره‌ 1ی هه‌ڵه‌بجه‌ كڕیارى نییه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/10/2019‌ :: 156‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌سه‌عید

دوای ئه‌وه‌ی بۆ جارى دووه‌م له‌ هۆڵی د مسته‌فا زه‌ڵمی زیادكردنى ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبیلى ژماره‌ 1ى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆی زۆری نرخه‌كه‌یه‌وه‌ هیچ كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و تابلۆیه‌ بكڕێت و بڕیاردرا بۆ جارى سێیه‌م بخرێته‌ زیادكردنى ئاشكراوه‌.


عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جارێكى دیكه‌ زیادكردنى ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆی ژماره‌ 1 به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رمایه‌داران و نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ئاماده‌ی بوون، به‌ڵام تابلۆكه‌ نه‌فرۆشرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رزی ئه‌و نرخه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ له‌سه‌ری دیاریكراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: زیادكردنه‌كه‌ له‌ 700 ملیۆن دیناره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و پاره‌یه‌ی پێبدات، له‌كاتێكدا نرخی تابلۆكه‌ له‌لایه‌ن وه‌زارتى ناوخۆوه‌ به‌ یه‌ك ملیار دینار دیاریكراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی وت: بڕیارمانداوه‌ كه‌ له‌ دوای 15 رۆژی دیكه‌ جارێكی دیكه‌ زیادكردنی ئاشكرا بۆ تابلۆی ژماره‌ 1 ئه‌نجام بده‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌فرۆشرا دواتر بڕیاری لێده‌رێت به‌ چ شێوازێك بفرۆشرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure