"ئەو هێلكە و مریشكەی لە توركیاوە دەنێردرێت بۆ هەرێم جێگەی گومانە"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1237‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی 


مریشك و هێلكەی توركی بووەتە بەشێكی سەرەكی لەو بایكۆتەی هاوڵاتییان رایانگەیاندووە بۆ بەرهەمی ئەو وڵاتە، بەهادین عەبدوڵڵا جێگیری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "لە كابینەی پێشوو تەنیا دوو رۆژ بەرهەمی پەلەوەری توركی راگیرابوو سەرۆكی حكومەتی ئەو وڵاتە هاتە دەنگ". 
باس لەوەش دەكات: بەو كێڵگانەی هەمانە دەتوانین پێویستی ناوخۆ بۆ هێلكە و مریشك دابین بكەین، بەردەوام بوونی بایكۆتیش وا دەكات لە 40%ی ئەو كێڵگانەی هەمانە بكەونەوە كار و هەلی كاری زۆرش دابین بكات.
 
دواڕۆژ،  ئایا بایكۆتی هێلكە و مریشكی توركی، هاوردەكردنی بەرهەمی ئەو وڵاتەی كەم كردووتەوە؟

بەهادین عەبدوڵڵا: توركیا تەنیا مریشك و هێلكە بۆ هەرێمی كوردستان و لوبنان دەنێرێت، بەشە زۆرەكەی هەناردەی ئێرە دەكات، بۆیە كاریگەریی 100% دەبێت لەسەر كێڵگە پەلەوەرییەكانی ئەو وڵاتە، رەنگە زۆربەی رووبەڕووی داخران بكاتەوە، تەنانەت لە كابینەی پێشوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە دوو رۆژ هێنانی مریشك و هێلكەی توركی بۆ هەرێم راگیرا، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی توركیا راستەوخۆ هاتە سەرخەت و پەیوەندی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە كرد كە بۆچی بەرهەمی پەلەوەری توركیا بۆ هەرێم راگیراوە؟ بۆیە بە دوو رۆژ سەرۆكی حكومەتی ئەو وڵاتەی هێنایە دەنگ، ئەگەر ئەم بایكۆتە بەردەوام بێت زیانێكی گەورە لەو وڵاتە دەدات، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە داوامان كردووە مریشكی توركی نەهێنرێت، چونكە ئێمە دەتوانین بڕی خواستی ناوخۆ  پڕ بكەینەوە، دەتوانین لێشی بنێرین بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێ ناگیرێت.

دواڕۆژ:  چەند كێڵگەی پەلەوەری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟
بەهادین عەبدوڵڵا: نزیكەی 1500 كێڵگەی پەلەوەری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، نیوەیان دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی، پشكی شێری بەرهەمهێنانی مریشك و هێلكە بەر سلێمانی دەكەوێت، بەداخەوە بەهۆی هاوردەی دەرەوە بەشێكی زۆری داخراون. 

دواڕۆژ: بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ دەتوانێت جێگەی بەرهەمی توركی بگرێتەوە؟
بەهادین عەبدوڵڵا:  100% دەتوانین، ئەگەر بشزانرێت خواست لەسەری زیاد دەبێت ئەو ساڵۆن و كێڵگانەی كە راگیراون دووبارە بەگەڕدەخرێنەوە و بەرهەمیان دەبێت، ئەمەش لەكاتێكدا دەبێت بەرهەمی دەرەوە نەیەت، ئەو مریشك و هێلكەیەی لە توركیاوە دەنێردرێت بۆ هەرێم بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە نییە، بەڵكو ئۆكرانی یان چینییە و تەنیا كارتۆنەكەی توركییە، خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكات، دەتوانین كارێكی وەها بكەین پێویستمان بە دەرەوە نەمێنێت.

دواڕۆژ: بەڵام هاووڵاتییان چۆن دڵنیا بن لە مەرجە تەندروستییەكانی بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ؟
بەهادین عەبدوڵڵا: ئێمە دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان كە مریشك و هێلكەی ناوخۆ زۆر تەندروسترە لە هی توركی، چونكە بەردەوام لەژێر چاودێری حكومەت و وەزارەتدایە، لای ئێمە هۆرمۆنات بەكارناهێنرێت هەروەها ئەو عەلەفەشی كە هاوردە دەكرێت لە دەروازەكانەوە پشكنینی بۆ دەكرێت پاشان دەنێرێت بۆ كارگەكان، ئەو مریشكەی هاوردە دەكرێت سەرجەم پشكنینەكانی بۆ ئەنجام نادرێت، پزیشكی ڤێتەرنەری ئەمەی پێ وتوین، ناتوانرێت بوترێت بۆ خواردن دەشێت یان نا.


دواڕۆژ:  بەهۆی هێنانی بەرهەمی پەلەوەری توركی چەند زیان بەر ناوخۆ دەكەوێت؟
بەهادین عەبدوڵڵا: بەپێی ئەو داتایەی لای ئێمەیە زیاتر لە 40%ی كێڵگە پەلەوەرییەكانی ناوخۆ راگیراون، هەر قاعەیەك لەو كێڵگانە 10 خێزان بژێوی ژیانی لێوە بەدەست دەهێنن، داخرانی ئەمانە بێكاری دروست كردووە، جگەلەوە بەهۆی هاوردەكردنی مریشكەوە ساڵانە پارەیەكی زۆر كە دراوی قورسە دەچێتە دەرەوەی هەرێم، ئەگەر رێگە نەدرێت بەرهەمی دەرەوە بێت بەتایبەت توركی، لەناوخۆ هەلی كاری زۆر دەڕەخسێنرێت، هاوكات زیانی ئابوری زۆر دەدات لە توركیا.

دواڕۆژ: دەوترێت بەهۆی داواكاری توركیا باج لەسەر هێلكە و مریشكی توركی لابراوە، راستە؟
بەهادین عەبدوڵڵا:  پێشتر باجی لەسەر نەبوو، پاش هەوڵێكی زۆر توانرا تەنیا 250 هەزار دینار بۆ هاوردەكردنی یەك تەن مریشك دابنرێت، دواتر كەمكرایەوە بۆ 100 هەزار دینار، ئەو مریشكەی توركیا دەینێرێت بۆ هەرێم نرخەكەی نیوەی ئەوەیە كە لەناوخۆی خۆیاندا بەكاری دەهێنن، چونكە ئەوەی بۆ ئێمەی دەنێرن هی چین و ئۆكرانیایە و لە توركیا تەنیا روپۆشی دەكەن، دەبێت بپرسین بۆچی ئەوەی بۆخۆیان بەكاری دەهێنن نرخەكەی زۆر گرانترە؟  ئەگەر بۆ ئێمە كیلۆی دوو لیرە بكەوێت لای خۆیان بە 5 لیرەیە؟ جێی گومانە.

دواڕۆژ:  ئایا بایكۆت وای نەكردووە ئەو كێڵگانەی داخراون بكەونەوە كار؟ تا كەی بەردەوام بێت كاریگەریی دەبێت لەسەر بەرهەمی پەلەوەری ئەو وڵاتە؟
بەهادین عەبدوڵڵا: بەشێك لە خاوەنی كێڵگەكان لەمەودوا هەوڵدەدەن ئەو ساڵۆنانەی دایان خستووە دووبارە كاری تێدا بكەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی نەقس دروست نەبێت، چونكە نەكڕینی بەرهەمی توركی خواستی لەسەر هی ناوخۆ زیاد كردووە، بۆیە تا هەتایە ئەم بایكۆتە بەردەوام بێت ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە