هه‌رێم دوو پێشنیاری نوێ بۆ حكومه‌تی عێراق ده‌نێرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1456‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ ئه‌رێنی وه‌ڵامی داخوازییه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بداته‌وه‌، دواڕۆژ-یش دوو پێشنیاری هه‌رێم بۆ رێكکه‌وتن له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت و ناردنی بودجه‌ ئاشكراده‌كات.


به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت پێش سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر داڕشتنێكی نوێی ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020ی عێراق رێكبكه‌ون، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رێم دوو پێشنیاری بۆ به‌غدا ناردووه‌ تاوه‌كو له‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه‌ جێگیربكرێت.

له‌ پێشنیاری یه‌كه‌مدا داوایكردووه‌ ره‌چاوی بارودۆخی دارایی هه‌رێم بكرێت كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش و نه‌ناردنی بودجه‌ و مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ قه‌رزدار بۆته‌وه‌، بۆیه‌ داوایكردووه‌ مانگانه‌ هه‌رێم پاره‌ی فرۆشتنی 150 هه‌زار به‌رمیل به‌ به‌غدا بدات له‌ به‌رامبه‌ردا به‌غدا مانگانه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بنێرێت.

له‌ پێشنیاری دووه‌مدا هه‌رێم داوایكردووه‌ ناردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی كۆمپانیای نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2020 دوابخرێت، به‌وپێیه‌ی هه‌رێم بارودۆخی ئابووری هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ دۆخی جارانی و قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ره‌.

هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و باڵیۆزی بریتانیا له‌ عێراق، مەسرور بارزانی رایگه‌یاندووه‌: كه‌ چه‌ندین پێشنیاریان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێشكه‌شكردوه‌ و چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ ئه‌رێنی وه‌ڵامی داخوازییه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم بداته‌وه‌.

ئه‌و پێشنیارانه‌ی هه‌رێم له‌ كاتێكدایه‌، به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای 2020 و جێگیركردنی پشكی هه‌رێم تیایدا دواكه‌وتووه‌.

به‌پێی وته‌ی فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا بۆ دواڕۆژ، دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمه‌كانی ئیمام حسێن، كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

پ: کارزان ساڵح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure