"447 ئافره‌ت له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كوژراون و ته‌نیا 26 تۆمه‌تبار سزادراون"

هەواڵ / کوردستان :: 23/10/2019‌ :: 2337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 10 ساڵدا له‌ هه‌رێمی كوردستان 447 ئافره‌ت به‌ ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف كوژراون، به‌رپرسێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 409 له‌ یاسایی سزادانی عێراقی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌بووه‌. 


به‌پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە ساڵی 2010 تاوەكو ساڵی 2018، 421 ئافره‌ت به‌ناوی پاراستنی شەرەف كوژراون، به‌جۆرێك له‌ سلێمانی 79 ئافره‌ت، دهۆك 94 ئافره‌ت، هه‌ولێر 182 ئافره‌ت، ئیداره‌ی راپەڕین 14 ئافره‌ت، ئیداره‌ی گه‌رمیان 38 ئافره‌ت و لە قه‌زای سۆرانیش 14 ئافره‌ت. 
 
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی ئه‌مساڵدا به‌ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف 26 ئافره‌ت له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم كوژراون. 

كورده‌ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای ساڵی 2015 كه‌ كاركردن به‌ حوكمی ماده‌ی 409 له‌ یاسای سزادانی عێراقی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ راگیرا، ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان رووی له‌ كه‌می كردووه‌، چونكه‌ یاساكه‌ی عێراق سزای ئه‌و كه‌سانه‌ی سوك دیاریكردووه‌ كه‌ به‌ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف ژن ده‌كوژن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر كه‌سێك ژن بكوژێت سزاكه‌ی تا له‌ سێداره‌دان بۆ دیاری ده‌كرێت. 

وتیشی: "له‌ كۆی ئه‌و 447 ئافره‌ته‌ی كه‌ كوژراون ته‌نیا 42 كه‌س دۆسیه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش 26 تۆمه‌تبار له‌ زیندانن و ئه‌وانه‌ی تر هه‌ڵاتوون یان دیارنییه‌ كێ تاوانی كوشتنه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure