عه‌بادی بۆ حكومه‌تی عێراق: ده‌ستله‌كاربكێشه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی نه‌سر، داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كرد یان ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ یاخود داوای لێبوردن له‌ گه‌ل بكات.


حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ تیویتێكدا رایگه‌یاند: راپۆرته‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیارینه‌كردووه‌ كه‌ فه‌رمانیان كردووه‌ به‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ یان داوای لێبوردن له‌ گه‌ل بكات.

لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی رابوردووی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، راپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی له‌باره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماده‌كرد و له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "زیانه‌كانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی هۆكاره‌كه‌ی به‌كارهێنانی هێز و چه‌ك بووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كۆنترۆڵی خۆیان بكه‌ن به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌رانیشه‌وه‌ بۆمبی ده‌ستكرد ئاڕاسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌و چه‌ند كارمه‌ندێك برینداربووه‌.

له‌ دواى راپۆرته‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق چه‌ندین به‌رپرسی باڵای ئه‌منی و سه‌ربازی و چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و پارێزگارى له‌ پۆسته‌كانیان دوورخسته‌وه‌.

بڕیاروایه‌ رۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانی فراوان له‌ به‌غدا ئه‌نجامبدرێت و له‌ئێستاوه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure