پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1309‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەختیار شەریف

لەماوەی 12 رۆژی رابوردوودا بەهۆی کاری چاکسازی لەکێڵگەی غازی کۆرمۆر، بڕی هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا کەمیکردبوو، وەزارەتی کارەباش رایدەگەیەنێت "دۆخی کارەبای هەرێم ئاسایی بووه‌تەوە".


لەڕاگەیه‌ندراوێکی وەزارەتی کارەبادا ئاماژە بەوەکراوە: پرۆسەی چاكسازیی لە كێڵگەكانی كۆرمۆری غازیی جێبەجێ كراوەو دۆخی كارەباش ئاسایی بووەته‌وە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن: هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە كە ئەمڕۆ 22ی تشرینی یەکەم دۆخی كارەبای هەرێم ئاسایی بووەته‌وه‌، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی 12 رۆژدا كۆمپانیای داناغاز بەسەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەسەركەوتوویی ئەو پرۆسە چاكسازییەیان جێبەجێ كرد كە پێش هاتنی وەرزی زستان پێویست بوو لەكێڵگەكانی كۆرمۆر ئەنجامی بدەن و بەهۆیەوە كارەبای نیشتمانی كەمیكردبوو.
 
وەزارەتی کارەبا ئەوەش رادەگەیەنێت "هەر ئەمڕۆ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دەستیان بە زیادكردنەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا كردەوە، دوای ئەوەی هەناردەكردنی بڕە غازی پێویست بۆ وێستگەكان ئاسایبوونەوە".

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم لەسنوری قەزای چەمچەماڵ و غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبای کارۆغازی لەسلێمانی و هەولێر دابین دەکات.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure