کاریگەریی بایکۆتى کاڵای تورکی لە هەرێمی کوردستان

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 468‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی هانا چۆمانی 

دوای هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەڵمەتێک لەژێر ناوی (بایکۆتی کاڵای تورکی) دەستیپیکردووە، گروپێکیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دروستکراوە كه‌ نزیکەی ٢٠٠ هەزار ئەندامی هەیە.


بەپێی بەدواداچوونێکی دواڕۆژ، کەلوپەلی تورکیا تەواوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی تەنیووە، لە هەر ١٠ جۆری کەلوپەل ٧ جۆریان بەرهەمی تورکییە، ئەوەیش قورسایی زۆری دروستکردووە بۆ هاوولاتیان بۆ ئەوەی بایکۆتی کەلوپەلی تورکی بکەن، یان بایکۆتەکە سەخت دەبێت.

ھەرێمی کوردستان دەروازەی ئیبراھیم خەلیل-ی لەگەڵ وڵاتی تورکیا ھەیە کە زۆرترین ھاوردەکردنی کاڵاکانی تورکیای لێوە دێت و دەروازەیەکی گرنگیشە بۆ ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی دیکە لە وڵاتانی ئەوروپاوە بە رێگەی وشکانی.

خاوەن مارکێتی لینا لە شاری هەولێر دەڵێت:"ئەو هەڵمەتەی دەستپێکراوە لەلایەن خەڵک و سۆشیاڵ میدیا، کاریگەریی هەبووە لەسەر کاڵای تورکی و ئیستا لە هەر سێ کەس کەسێک دێن دەڵین کاڵای تورکیمان ناوێت، منیش زۆربەی شتەکانم تورکییە".

ئاوات رەشید كه‌ خاوه‌نى ماركێته‌كه‌یه‌ ده‌ڵێت:"من شتێکی زۆری تورکیم هێناوە و پارەم داوە، هەمووی درەنگ دەڕوات ئەگەر بایکۆتەکە بەردەوام بێت. ئەوەیش کاریگەریی لەسەر ئیشی من هەیە چونکە بەدیلی ترم نیە، بەڵام بەڕاستی خەڵک جدیین لەسەر ئەوە، من ناچارم لەمەودوا کاڵاکانم هەرزانفرۆش بکەم بۆ ئەوەی زوو بڕوات و نەمێنیتەوە".

کاریگەریی بایکۆت وایکردووە دووکاندار و خاوەن مارکێتەکان کە زۆربەیان کەلوپەلی تورکییان هەیە، داشکاندنی گەورە بۆ کەلوپەلی تورکی بکەن، بەتایبەتییش خواردنی رۆژانەى وەک بسکویت و خواردەمەنی و سپیایی و شیرنەمەنی.

خاوەن مارکێتیک دەڵێت:"هەموو کەلوپەلەکانم بۆ نیوە داشکاندووە بەس بۆئەوەی بڕوات و بەدیلی تر بدۆزمەوە، جونکە هەندێکیان هەفتیەیەک یا مانگێکی ماوە بەسەربچێت و ئێکسپایەر ببێت، خەڵکیش نایکڕێت".

ئاوارە گەردی، کە خاوەن مارکێتە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"سەرجەم کەلوپەلە تورکییه‌كان داشکاندنمان بۆ کردوە و لە فەیسبوکیش سپۆنسەرمان بۆ کردووە، بە جۆرێک کەلوپەل هەیە نرخی ٥ هەزار بووە کردوومانە بە ٣ هەزار و هەیە بە هەزار دیناربووە کردوومانە بە٥٠٠، چونکە خەڵک نایکڕێت و ئێمەیش پارەمان پێداوه‌ و دەمانەوێت لانیکەم زیاننەکەین و هیچ نەبیت بتوانین پارەی خۆمان دەستبخەینەوە".

بەشێک لە سۆپەرمارکێت و دووکاندارەکان بە ئاشکرا لەڕێى فەیسبوک و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانه‌وه‌ داشکاندنیان بۆ بەرهەمه‌ تورکیەکانیان کردووە بۆئەوەی بفرۆشرێت و نەمێنێتەوە.

پسپۆرێکی ئابوریی دەڵێت:"تورکیا لەبەرامبەر چوار هێرشی گه‌وره‌ى ئابورییدایه‌ کە بێگومان ئاستەنگی گەورە بۆ ئابوریی تورکیا دروستدەکەن، بۆیە جگە لەوەی به‌هاى دراوه‌كه‌ى دابەزیوە، هاوکات کاڵاکانیشی رووبەڕووی بایکۆت دەبنەوە‌".

ئامانج نەسرەدین پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانکۆ، بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"هۆکارەکانی خراپبوونی ئابوریی تورکیا بەتەنیا بایکۆت نیە، بەڵکو زۆرن، له‌وانه‌: هێرشە میدیاکانی ئەمریکا و تویتەکانی ترامپ و باسکردنی سزاکانی ئەمریکا کە بازرگانانی ترساندووە، تێچووی‌ زۆری ‌سه‌ربازیی لە جەنگ دژی رۆژئاوای کوردستان و زیادبوونى مه‌ترسیى كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئابوریی تورکیا، خالێکی تر دژایەتی هەندێک پارت و لایەنی ناوخۆی تورکیایه‌ دژی ئەردۆغان و داگیرکاریەکە، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانکردووە کە شڵەژانی ئابوریی لەو وڵاتەدا دروستببێت. هۆکارێكی تر بلاوبوونەوەی دەنگۆی بایکۆتی کاڵای تورکیا لەلایەن هاوولاتیانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا و بەپلەی یەکەمیش له‌ هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەیش بێگومان کاریگەریی دەبێت لەسەر هەریم و لەسەر کاڵای تورکی، بە جۆرێک خەڵک کاڵای تری گرانتر دەگات بەدەست کە بە دوای کوالێتی بگەڕێت، هەروەها کاڵای تورکیایش لە هەرێم ئەگەر بەدیلی بۆدروستبێت بەرەو کۆتایی دەچێت، راستە لە جیهاندا جۆرەها کاڵای باشتر و به‌کوالێتیتر هەیە لەوەی تورکیا بەلام هێشتا نەگەیشتووە بە کوردستان".

دكتۆر ئامانج ده‌ڵێت:"کاریگەریی بایکۆت لەسەر کاڵاکە و لەسەر هەرێمی کوردستان-یش هەیە، چونکە کۆمەڵێک بازرگان و خاوەنکار تووشی لەدەستادانی سەرچاوه‌ی بازرگانیی دەبن و دەبێت ئاراستەکەیان بگۆڕن، دووکاندارەکانیش ناتوانن بەئاسانی بەدیل بدۆزنەوە. هاوکات ئەو هەڵمەتە لەسەر کاڵای تورکی، ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوا بەتەواوی کاڵای تورکی بۆ رێژەی 50% دادەبەزێه‌یت کە ئیستا 80%یه‌، ئەوەیش کاڵای تورکی لە بازاڕێکی گەورەی جیهانی، کە هەرێمە، دووردەخاتەوە".

لەبارەی رۆڵی بازرگانان بۆ هێنانی کاڵای تورکی و بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی تورکیا، بازرگانان باس لەوە دەکەن باشترین کار ئەوەیە کاربکرێت بۆ دروستکردنی کارگەی بچووک و بەرهەمی ناوخۆ و لەقتوونان، چونکە خەڵک ئامادەیی تیایە بەرهەمی ناوخۆ بکڕێت. 

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی:"بازرگانان بەدیلی کارکردنیان زۆرە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەوەى ئێستا ھەیە کاڵایەکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی دێتە ھەرێمی کوردستان-ەوە، بەڵام ئێمە هانیاندەدەین کە کارگە بهێننە هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ده‌ڵێت:"پێویستە لەئێستادا گرنگیی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت، پێویستە بەرھەمی کشتوکاڵی گرنگیی زۆری پێبدرێت و دەستی کار زیاد بکرێت و گرنگیی بە کەرتی پیشەسازیی بچووک و پرۆژە مامناوەندەکان بدرێت، بەتایبەت لە مۆبیلیات و خواردەمەنی کە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە کوردستانەوە دەڕوات بۆ تورکیا و ئێران کە دەتوانرێت ئەو پارەیە لە ناوخۆدا بمێنێتەوە".

بازرگانێکی کوردی شاری هەولێر کە ١٦ ساڵە بەرهەمەکانی سپیایی لە تورکیا هاوردەی هەرێم دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"ئێمە بەهاوکاریی چەند بازرگانێکی تر، ساڵانە بایی سەدان ملیۆن دۆلار تەنیا بەرهەمی سپیایی وەک پەنیر و کەرە و ماست و شیر دەهێنینە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەو چەند رۆژەدا كه‌ ئێمە لە تورکیا بووین نوینەرەکانمان پەیوەندییان کردووە کە لەئێستادا ناتوانن باری نوێی وەربگرن چونکە خەڵک بایکۆتی بەرهەمی تورکیی کردووە، ئێمەیش بەناچاریی سێ رۆژە وەجبەی نوێی بەرهەممان راگرتووە".

بازرگانه‌كه‌ دەڵێت:"راستە ئێمە بازارگانین و کار بۆ قازانجی خۆمان دەکەین، بەڵام ئەگەر حکومەت کەمێک ئاسانکاریی بکات ئێمه‌یش دەتوانین ئەو کارگەیە لە هەرێمی کوردستان دابنێین و بە شەش مانگ لە رێگای هاوردەکردنی ئاژەڵه‌وه‌ هەمان بەرهەم پێشکەش بە خەڵک بکەین، بەس دەبێت حکومەت ئاسانکار و هاوکار بێت، چونكه‌ باشترە کارگەکە بهێنینە هەرێم، هەم هەرزانتر دەبێت هەم خۆماڵییە و هەمیش وادەکات کە هەلی کار بڕه‌خسێت و پێویستیمان بە دەرەوە نەمێنیت".

پ: ل. م
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure