رووسیا و توركیا له‌باره‌ى خۆرئاوای کوردستان رێککەوتن

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 5370‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دوای شه‌ش كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان سه‌رۆكی رووسیا و توركیا له‌ شاری سوشی رووسیا، هه‌ردولا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ئاشكراكرد و بڕیاریاندا له‌ناوچه‌ی ئارام هێزی هاوبه‌شی هه‌ردوو وڵات بڵاوبكه‌نه‌وه‌.


له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا وتی "كورد به‌شێكن له‌ سوریا و نابیتَ پشتگوێ بخرێن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی توركیامان بۆ باكوری سوریا تاووتوێ كرد و توركیا بۆی روونكردینه‌وه‌ كه‌ ئامانجیان له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ پاراستنی ئاسایشی توركیایه‌.

هاوكات ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا وتی "له‌باره‌ى ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی زانیاری ته‌واومان دایه‌ رووسیا و ده‌بێت یه‌په‌گه‌و هه‌سه‌ده‌ له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌مێنن".

وتیشی: "له‌باره‌ی s400ی رووسی له‌كاتی خۆیدا ده‌گاته‌ توركیا".

ئه‌ردۆغان وتیشی: "له‌گه‌ڵ پۆتین ئاشتی و ئارامی سوریا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئارامی ناوچه‌كه‌مان تاووتوێ كرد و به‌ چڕی باسمان له‌ دۆخی سوریا كرد".

باسی له‌وه‌شكرد: 3.5 ملیۆن خه‌ڵكی سوریا لای ئێمه‌ په‌نابه‌رن و ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ بیانگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ سوریا.

وتیشی "هه‌ردوولامان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سوریا هێز بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌و ده‌یپارێزین و هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ جێگیركردنی دۆخی سوریا".

هاوكات وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و توركیا ته‌واوی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

خاڵه‌كانیش پێكدێن له‌:
- هێزی هاوبه‌شی رووسیا و توركیا له‌ناوچه‌ی ئارام به‌تایبه‌ت له‌ گرێ سپی و سه‌رێكانی بڵاوه‌پێده‌كرێن، جگه‌ له‌ قامیشلۆ.
- له‌سبه‌ی 23ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ردووڵات له‌ ناوچه‌ی سنوریی سوریا - توركیا به‌ 30 كیلۆمه‌تر هه‌ردوولا هێزی هاوبه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
- چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌و هه‌سه‌ده‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
- ئاسانكاری ته‌واو بۆ په‌نابه‌ران ده‌كرێت به‌ ویستی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.
- هه‌ردوولا كارده‌كه‌ن به‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا.
- بابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه‌ و پشتیوانی كۆمیته‌ی ده‌ستوری.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure