ئاگربه‌سته‌كه‌ی نێوان ئەمریکا و رووسیا لەسەر خۆرئاوا كۆتاییهات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


كاتژمێر 8:30ی خوله‌كی شه‌و به‌كاتی كوردستان ئه‌و ئاگربه‌سته‌ كۆتاییهات كه‌ هێرشی به‌رفراوانی توركیای بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان راگرتووه‌. به‌ڵام ئاگربه‌سته‌كه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی راگرتنی ته‌واوه‌تیی هێرشه‌كه‌ و له‌ ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌دا چه‌ندین هاووڵاتیی كورد له‌ باكوری سوریا بوونه‌ته‌ قوربانی كه‌ به‌ وته‌ی رێكخراوی مانگی سووری تورکی ژماره‌كه‌ له‌ 21 كوژراو و 27 برینداری سیڤیل پێكهاتووه‌.


ئاگربه‌سته‌كه‌ له‌سه‌ر داوای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجام درا و به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی باكوری سوریا پێویسته‌ 32 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری سوریا-توركیا دوور بكه‌ونه‌وه‌. ماوه‌ی 120 كاتژمێر واته‌ 5 رۆژ بۆ ئه‌و كاره‌ دانراوه‌ و ئه‌و ماوه‌یه‌ش كاتژمێر 8:30ی خوله‌كی ئه‌مشه‌و به‌ كاتی كوردستان كۆتایی دێت.

پێش كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك كۆماری توركیا ئێستا به‌ سه‌ردانێك بۆ لای ڤلادیمیر پووتین له‌ رووسیایه‌ و پێنج كاتژمێر به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێت كه‌ تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر داهاتووی سوریا ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌مێكی تر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ رابگه‌یه‌نرێن.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 22ی تشرینی یه‌كه‌می 2019  سه‌دان ئوتومبیلی سه‌ربازیی ئه‌مریكی كه‌ سه‌ربازی ئه‌مریكییان هه‌ڵگرتبوو خاكی سوریایان به‌جێ هێشت و گه‌یشتنه‌ عێراق. به‌ڵام عێراق ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌رنه‌بڕیوه‌ و بڕیاره‌ هێزه‌كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێ بهێڵێت. دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ پاراستنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانه‌ و هێزه‌كانیشیان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و هیچ رێككه‌وتنێكیان بۆ پاراستنی كورد نییه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure