مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: ئەگەر بایكۆتەكە بەردەوام بێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1638‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی


ساڵانە بەبڕی 10 بۆ 12 ملیار دۆلار كاڵا و پێداویستی لە توركیاوە دەهێنرێتە هەرێم، لەئێستایشدا هەڵمەتی بایكۆتی كاڵای توركی بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستیپێكردووە. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا ئەوە رووندەكاتەوە كە كاڵای توركی لە هەرێم زۆرە و خواستی لەسەر نییە"چەندین وڵاتی تر كراونەتە بەدیل بۆ هێنانی كاڵا و پێداویستی" و دەڵێت:"ئەگەر بایكۆتەكە بەردەوام بێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە".


دواڕۆژ: ئەو هەڵمەتەی راگەیەندراوە بۆ بایكۆتی كاڵای توركی، پێتوایە كاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی هاوردە لە توركیاوە؟

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: هاووڵاتی سەرپشكە لە بایكۆتی كاڵای توركی، بەڵام بازرگانانیش لەمەودوا هاوردەكردنی كاڵا ئەو وڵاتە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمدەكەنەوە. نەهێنانی كاڵای توركی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا،  بۆیە لەوەتەی ئەم كەمپەینە راگەیندراوە بازرگانان هەوڵیانداوە شتومەك لە توركیاوە نەهێنن، ئەوانەی پێتریش هێناویانە لە مەخزەنەكان و بازاڕدا ماوەتەوە، بەڵام بەوشێوە بەرچاوە زەرەرمەند نابن. 


دواڕۆژ: ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم و توركیا چەندە؟ 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: هەموو ساڵێك لەنێوان 10 بۆ 12 ملیار دۆلار كاڵای توركی لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل-ەوە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەئێستاوە دیار نییە كە چەند كەمی كردووە. ساڵانە ئەم داتایە دەخەینەڕوو، پێش ئەم كەمپەینەیش كاڵای توركی كەمتر سەرف كراوە و بازاڕێكی وای نەبووە بەراورد بە ساڵانی رابوردوو، بۆیە بێگومان بەردەوامبوونی بایكۆتی كاڵای توركی وادەكات نەهێنرێت و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا لاواز بێت.


دواڕۆژ: چیتانكردووە بۆ (بەدیل)ی توركیا بەمەبەستی هێنانی كاڵا و پێداویستی؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: بەدیلی ترمان هەیە، بەتایبەت ئێران دەتوانرێت كاڵای هەمەجۆری لێوە هاوردە بكرێت، جگەلەوە ئاگادارین بازرگانانی ئێمە هەوڵدەدەن ئاڵوگۆڕی بازرگانیی خۆیان فراوان بكەن. لە چەند رۆژی رابوردوودا وەفدێكی گەورەمان لە وڵاتی ئەندەنوسیا بووە و گرێبەستێك واژۆ كراوە تا لەو وڵاتەوە كاڵا و پێداویستی بهێنرێت، ئەو وڵاتە كاڵای جۆراوجۆر و كوالێتی باشی هەیە بە نرخێكی گونجاو، وەفدەكەی ئێمە كە پێكهاتبوون لە 25 بازرگان توانییان پەیوەندییەكی باشی بازرگانیی دروست بكەن، بۆیە لەمەودوا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەندەنوسیا بەشێوەیەكی فراوان دەكرێت.


دواڕۆژ: رەنگە بەو هۆیەوە نرخی كاڵای تر گران بێت، چی دەكەن بۆ چارەسەری ئەمە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: زۆر رێگەی تر هەیە، چەند وڵاتێكی ترمان هەیە، بۆیە پێشبینی ناكەم نرخ بەرزبێتەوە، وەكو خۆی دەمێنێتەوە، لەئێستاوە لە وڵاتانی دیكە بەرهەمی زیاتر هاوردە دەكرێت، بۆیە كاریگەریی لەسەر بازاڕ نابێت.


دواڕۆژ: ئایا لەلایەن ژوورە بازرگانییەكانی توركیا لەبارەی ئەم بایكۆتەوە قسەتان لەگەڵ كراوە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: هیچ پەیوەندییەكمان پێوەنەكراوە و قەسەیشمان لەگەڵ نەكردوون.


دواڕۆژ: وەك بازرگانان و یەكێتی هاوردە و ناردنكاران، ئایا هاوهەڵوێستن لەگەڵ هاووڵاتییان بۆ نەكڕینی كاڵای توركیا؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: وەكو یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان هاوسۆز و پشتیوانی ئەو هەڵمەتەی هاووڵاتیانین. 


دواڕۆژ: لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا زیاتر هێنانی كام كاڵا لە توركیاوە كەمی كردووە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: هەموو كاڵایەك لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، مەرج نییە توركی بێت، ئێران جێگەی توركیا پڕ دەكاتەوە بۆ كاڵا و پێداویستی، شتومەكی توركی ئێستا لە بازاڕدا زۆرە و خەڵك نایكڕێت، بۆیە چەندین جۆر كاڵا و پێداویستی رۆژانە ناهێنرێت لەوێوە، تەنانەت بەشێك لە بازرگانان دەینێرن بۆ ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەمەبەستی ساخكردنەوەیان.


دواڕۆژ: پێتوایە ئەم بایكۆتە كاریگەریی لەسەر ئابوریی توركیا دەبێت؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: ئەگەر بەردەوام بێت بەڵی بەشێوەیەكی  بەرفراوان  كاریگەریی دەبێت.
 
پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە