زیرەكیی دەستكرد و ئاییندەی مرۆڤ

هەواڵ / زانست :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 237‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئێستا مرۆڤایەتی لەبەردەم شۆڕشێكی گەورەدایە كە زیرەكیی دەستكرد بەرپایكردووە. رەنگە ئەم شۆڕشە یەكێك بێت لە گرنگترین و بەرفراوانترین شۆڕشەكانی مێژوو، بەڵام نابێت ئەو راستیەمان بیربچێت كە شۆڕشی زیرەكیی دەستكرد بەرهەمی كۆمەڵێك هەوڵ و رەنجی سەربەخۆ و ناڕێكخراوە بۆ چارەسەركردنی هەندێك گیروگرفتی دیاریكرداو كە لەكاتی جێبەجێكردنیاندا دەردەكەون، واتە شۆڕشەكە بەپێی نەخشەیەكی گشتگیر رێی نەگرتووەتەبەر. سەیرەكە لەوەدایە كە چارەسەركردنی ئەو گیروگرفتانە رەنگە لە ئەنجامدا لۆجیكی مرۆڤ بگۆڕێت و میكانیزمی بڕیاردان وەربچەرخێنێت.

ئەم شۆڕشە دەستیپێكردووە و كەس ناتوانێت خامۆشی بكات یان لێی هەڵبگەڕێتەوە، هەروەها هەوڵی سنووربۆدانانیش هەوڵێكی شكستخواردوو دەبێت چونكە پێچەوانەی سروشتی مرۆڤە لە رووبەڕووبوونەوەی پاشهاتی داهێنانەكانی. ئێستا كاتی ئەوەیە قبووڵمان بێت كە زیرەكیی دەستكرد رۆژبەڕۆژ ئاڵۆزتر و بەربڵاوتر دەبێت. بڕیارەكە ئەوەیە كە پێشكەوتنی ئەم شۆڕشە چۆن كاردەكاتە سەر زەین و تێگەیشتن و كارلێكی مرۆڤ و سەرەنجام چی بەسەر كەلتوور و مێژووماندا دێت، بێگومان لە حاڵی حازردا توانای ئەوە لەئارادا نیە ئاڕاستەی گەشەكردنی تایبەتی ئەم شۆڕشە بگۆڕین یان كاریگەرتری بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لە پێناویاندا هێنراوەتە ئاراوە.

نموونەیەكی بەرجەستەی توانا خەیاڵییەكانی زیرەكیی دەستكرد، بەرنامەی (ئەلفا زیرۆ)یە. لەم بەرنامەیەدا توانرا ئامێرێك دروستبكرێت كە لە ماوەی 24 كاتژمێردا بوو بە باشترین یاریزانی شەترەنج لە جیهاندا و لە یاریزانە پیشەییە هەر بەناوبانگەكانی بردەوە. ئەمە دەیسەلمێنێت كە پڕۆگرامەكانی زیرەكیی دەستكردی پێشكەوتوو سنووری زانیارییەكانی مرۆڤ تێدەپەڕێنن. ئەم پڕۆگرامە چەند پرسیارێكی ئاڵۆزی فەلسەفی دەورووژێنێت، بۆ نموونە: بەرنامەكە چۆن دەتوانێت شێوازی تازەی یاریكردنی شەتڕەنج بخوڵقێنێت بە پشتبەستن بە ماوەیەكی زۆر كەم بۆ فێربوونی ئەو یارییە؟ ئایا زیرەكیی دەستكرد هێندە فراوان دەبێت كە مرۆڤ نەتوانێت وێنای سنوورەكانی بكات؟ ئۆتومبێلە بێ شۆفێرەكان نموونەیەكی تری زیرەكیی دەستكردن. ئەم جۆرە ئۆتومبێلە بێئەوەی هەموو یاساكانی لێخوڕینی فێركرابێت، لەكاتی پێویستدا بڕیاری زۆر گرنگ دەدات. 

پێشتر گەشەكردنی دیجیتاڵی پشتی بە مرۆڤ بەستبوو بۆ هێنانەكایەی پڕۆگرام و شیتەڵكردنی زانیارییەكان، بەڵام رەهەندی ئێستای گەشەكردن و پێشكەوتنەكان كارێكی كردووە كە زیرەكیی دەستكرد بڕێكی یەكجار زۆری ئەركەكان تەواو بكات. تەكنیكەكانی زیرەكیی دەستكرد ئەو خەسڵەتە جیاوازەی هەیە كە دەتوانێت لە ئەزموونە تایبەتەكانی خۆیەوە فێر ببێت و سوودیان لێ ببینێت. بەپێچەوانەی پڕۆگرامە تەقلیدیەكانەوە كە تەنیا هەر لاسایی لۆجیكی مرۆڤ دەكەتەوە.
لە روانگەی ئەو زانیارییانەی سەرەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە وشەی زیرەكیی بە تەنیا ناتوانێت مەسەلەكان روون بكاتەوە، هەروەها گونجاویش نیە خەسڵەتە مرۆییەكان بدەین بە زیرەكیی دەستكرد چونكە زیرەكیی دەستكرد باش و خراپ نازانێت، هەروەها توانای رامانی نیە لە خودی خۆی و مەبەست و ئارەزووی تایبەت بە خۆی پاڵنەری رەفتارەكانی نیە، ئەوەی زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت ئەنجامی بدات جێبەجێكردنی چەند ئەركێكی دیاریكراوە. 
بۆ دۆزینەوەی پەیوەندیی نێوان زانیارییەكان و بڕیارەكان، هەروەها دابینكردنی چارەسەری ئەو گیروگرفتە سەختانەی كە هەندێك تەنانەت بە مەحاڵی دەزانن. ئەم پڕۆسەیە بە تێپەڕبوونی كات رەنگە رێگەی تازەی چاوەڕواننەكراو بۆ بیركردنەوە بخوڵقێنێت.
ئەگەر تەكنیكەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر ئەو رەوتەی ئێستایان بەردەوام بن ئەوا بە دڵنیاییەوە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێت لە هەموو بوارەكانی جیهانی و نیشتیمانی و تەنانەت لە پەیوەندییە مرۆییەكانیشدا. 

لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا ئەگەر سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد توانییان چەك و ستراتیج و تەكنیكی نوێ بەرهەمبهێنن ئەوا كۆنتڕۆڵكردنیان دەبێتە كارێكی مەحاڵ. گەورەترین خەسڵەتی ئەو كاتە ئەوە دەبێت كە دوژمن نازانێت لایەنی بەرامبەر چ جۆرە چەكێكی هەیە. نەبوونی زانیاریی ورد لەسەر توانا سەربازییەكانی لایەنی بەرامبەر و شێوازی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی مانای وایە دروستكردنی بڕیاری سیاسی ناتوانێ بیرووبۆچوون و توانای دوژمنەكان و بگرە هاوپەیمانەكانیشیان بزانن و بڕیاردانی سیاسی یان سەربازی دەبێتە كارێكی زۆر زەحمەت و چەمكی ئاسایش مانایەكی تری دەبێت.
خاڵێكی دیكە ئەوەی كە ئاخۆ هەبوونی ئەو جۆرە چەكانە لە ئاییندەدا ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ و پێكدادان زیاد دەكات یان كەمی دەكاتەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا كارێكی ئاسان نیە و پێشبینی دەكرێت هەبوونی تەمومژ ببێتە هۆی نەمانی ئاسایش و گۆڕینی چەمك و زاراوەكانی وەك ستراتیج و بەرپەرچدانەوە.
لەڕووی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكانیشەوە، زیرەكیی دەستكرد ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە هەتا زانیاری و شیتەڵكارییەكان زیاتربن، ئەو وردتر وەڵامی پرسیارەكانمان دەداتەوە. وایلێدێت ئامێرەكان زانیاریی زۆر ورد دەربارەی خاوەنەكانیان دەزانن و لە كاتی وەڵامدانەوەدا ئەو زانیارییانە بەهەند وەردەگیرێن. زیادبوونی زیرەكیی ئەو ئامێرانە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خاوەن ئامێرەكە گەرموگوڕتر دەكات تا ئەو ئاستەی كە مرۆڤ هەستی بۆ دروست ببێت بەرامبەر ئەو ئامێرە دیارە كەلتوور و شێوازی بیركردنەوەی كۆمەڵگەیش كاریگەریی خۆیان دەبێت، بۆ نموونە: ژاپۆن لەبەرئەوەی كۆمەڵگەیەكە بەرەو پیربوون دەچێت و لە كەلتووری ژاپۆن-یشدا دار و بەردیش رۆحی هەیە، كەواتە پێشبینی دەكرێت كۆمپانیاكانی زیرەكیی دەستكرد لە ژاپۆن زیاتر بڵاوببنەوە بە بەراورد بە خۆرئاوا. 

لە ئاییندەدا سەرچاوەی زانیاری و كارلێكەكان بریتی نابێت لە دایك و باوك و خوشك و برا و هاوڕێ و مامۆستاكان بەڵكو بریتی دەبێت لە هاوڕێ دیجیتاڵیەكان.
زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت گیروگرفتەكانی زمان رابماڵێت و لەهەمانكاتیشدا دەتوانێت بیروبۆچوونە تازە و ترسناكەكان سەركوت بكات. 
لە ئاییندەدا زیرەكیی دەستكرد هەموو شتێك دەگۆڕێت: ئەخلاق و پێناسەی ماقووڵ و زیانبەخش و....هتد. 

ئا: ل. م

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure