وەزیری ناوخۆ روونكردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 22/10/2019‌ :: 926‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە دامودەزگاكانی حكومەتدا، رایگەیاند"لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، دەبێت سەرجەم فەرمانگەكان بە ئەلیكترۆنی بكرێن و كارئاسانی لە مامەڵەی هاووڵاتیاندا بكرێت".


رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم (ئەمڕۆ سێشەممە22ی تشرینی یەكەمی 2019) لە میانەی بەسەركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران، كە بە ئەلیكترۆنی كراوە، وتی:"سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی حكومەت دەكرێنە ئەلیكترۆنی و لەئیستادا پێشوەچوونێكی زۆر لە پۆلیسی هاتوچۆ و پاسپۆرتی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەبینرێت و زۆربەی مامەڵەكان لە چەند مانگێكەوە كراونەتە كاتژمێر و هەفتە".
لەبارەی هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ وتی:"تائیستا نزیكەی 5 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و سنوورەكان كراوەن، بەڵام لە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان كێشەیان بۆ درووستدەكرێت و بەشێكیان بە قاچاغ دێنە هەرێمی كوردستان. هەفتەی داهاتوو لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان، بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان كۆدەبینەوە و تائێستایش چەند وڵاتێك ئامادەیی هاوكارییان دەربڕیوە".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدایش روونیكردەوە كە بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەم دواییانەی عێراق روویاندا گرفت لەبەردەم كۆبوونەوەكاندا درووستبوو، بەڵام لەسەرەتای هافتەی داهاتوودا كۆبوونەوەكان دەستپێدەكەن و هەردوولا هاوڕان كێشەكان چارەسەربكەن.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure