تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئازادیی رادەربڕین

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/10/2019‌ :: 137‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


لە ماوەی 10 ساڵی رابوردوودا فەیسبوك و تویتەر، وەك دوو پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی، رۆڵێكی گرنگیان بینی بۆ دابینكردنی پانتاییەكی گەورە كە مرۆڤ رای خۆی تێدا دەرببڕێت، بەتایبەت لە رووداوە گرنگەكاندا. ئەمە زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا هەستی پێدەكرێت كە چەند ساڵێكە زنجیرە خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین و تەنانەت كارەساتی گەورەیشیان بەخۆوەدیوە، لە چوارچێوەی ئەو رووداوانەدا كە ناویان لێنراوە بەهاری عەرەبی. 


ئەم ئاسانكارییەی كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دابینیانكردووە بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، خاڵێكی لاوازی تێدایە كە حكومەتە سەركوتكەرەكان دەتوانن كۆنترۆڵی ئەم ماڵپەڕانە بكەن لەڕێی كۆنترۆڵكردنی نووسینگە ناوچەییەكانیانەوە.
نووسینگەی ناوچەیی پێگەی تویتەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە شاری دوبەی-ە. هەفتەی رابوردوو هەڵمەتێكی گەورە لەلایەن رۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانەوە دەستیپێكرد بە مەبەستی گوشار خستنە سەر خاوەنی ئەو پێگەیە كە نووسینگەكە لە دوبەی-ەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی دیكە چونكە تویتەر لەوێ‌ دەستكاریی نووسینەكانیان دەكات و رێگریی دەكات لە بڵاوبوونەوەی رەخنەكانیان دژی حكومەتەكان. 
ئەم هەڵمەتە پاش ئەوە دەستیپێكرد كە تویتەر سەدان ئەكاونتی كەسانی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵسوڕاوی سیاسیی سڕییەوە. پێگەی فەیسبوكیش هەمان تێبینی و رەخنەی لەسەرە و بگرە زیاتریش. دەوترێت فەیسبوك سیاسەتێكی ترسناك پەیڕەو دەكات بەرامبەر بە مەسەلەی فەلەستین و ئەكاونتی ئەو كەسانە دەسڕێتەوە كە وشەكانی وەك شۆڕش و شەهید و بەرەنگاریی لە پۆستەكانیاندا بەكاردەهێنن.
بەپێی قسەی كەسایەتییە سیاسیەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێگە دیجیتاڵییەكان گوشار دەخەنە سەر ئازادیی رادەربڕین و رۆژبەڕۆژ ئەم گوشارە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زیاتر دەبێت. ئەمەیش شتێكی چاوەڕوانكراوە چونكە كۆمپانیا تایبەتەكان، بە كۆمپانیاكانی فەیسبوك و تویتەر-یشەوە، بەئاسانی دەكەونە ژێر گوشاری حكومەتەكانەوە.
چاودێرەكان دەڵێن"دانانی نووسینگەكانی فەیسبوك و تویتەر لە وڵاتانی وەك ئیسرائیل و ئیمارات و سعودییە كارێكی باش نییە چونكە حكومەتەكانی ئەو وڵاتانە كۆمپانیا ئەلیكترۆنییەكان ناچار دەكەن دەنگی ناڕەزایی و رەخنەی سیاسی كپ بكەن".
چاودێرەكان دەڵێن: خراپترین نموونە ئیسرائیل-ە كە كۆمپانیاكانی گوگڵ و فەیسبوك و مایكرۆسۆفت و ئینتڵ و 300 كۆمپانیای دیكەی توێژینەوە لەو وڵاتەدا نووسینگەیان هەیە. ئەمە وایكردووە چالاكیی فەلەستینییەكان لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كپ بكرێت و حكومەتی ئیسرائیل زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەو ئەكاونتانەی كە مەبەستێتی بیانسڕێتەوە. جگە لەوەیش ژمارەیەكی زۆری كەسانی گومانلێكراو دەستگیربكات. بەڵام لەبەرامبەردا هیچ ئاستەنگێك بۆ نووسین و بڵاوكراوەی جوولەكەكان دروست نەبووە لەلایەن فەیسبوك و تویتەرەوە. پێگەی تویتەریش لە ئیمارات كارئاسانییەكی گەورەی بۆ حكومەتی ئەو وڵاتە دابینكردووە كە نەیارەكان و رەخنەگرە ناسراوەكان دەستنیشان بكات و بیانخاتە زیندانەوە. 
ئەم هەڵوێست و سیاسەتانە وایانكردووە هێز و رێكخراوە دیموكراسییەكان داوا لە كۆمپانیا ئەلیكترۆنییەكان بكەن ئەو پێوەرانە بپارێزن كە مافەكانی مرۆڤ دەستەبەر دەكەن. لەژێر ئەم گوشارە نێودەوڵەتییەدا تویتەر و فەیسبوك بەم دواییە چەند هەنگاوێكیان گرتەبەر، بۆ نموونە: فەیسبوك بەرنامەیەكی تایبەتی حیزبی لیكۆد-ی پەخشنەكرد كاتێك زانیی كە ئەو بەرنامەیە بیروبۆچوونی رەگەزپەرستانە بڵاودەكاتەوە. هەروەها تویتەریش ئەكاونتی هەندێك لەو كەسانەی سڕیوەتەوە كە گومان دەكرێت دەستیان هەبێت لە كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی-دا.
چاودێرە سیاسییەكان و هەڵسوڕاوانی بوارەكانی مافی مرۆڤ، لەكاتێكدا كە ستایشی ئەم هەڵوێست و بڕیارە تازانە دەكەن، بەڵام پێیانوایە كۆمپانیاكانی فەیسبوك و تویتەر هێشتا وەك پێویست بەرگریی لە ئازادیی بیروڕا ناكەن و بە پێویستی دەزانن "بەلایانەوە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ ئەوەندەی بایەخدان بە قازانج گرنگ بێت".
پێویستە كۆمپانیاكانی فەیسبوك و ئینتەرنێت خۆیان لە دەسەڵاتی حكومەتە دیكتاتۆرە ناوچەییەكان رزگار بكەن و ئەگەر هەر نەیانتوانی، نووسینگەكانیان لەو ناوچانە بگوێزنەوە.

   
پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure