لە 9 مانگی رابوردوودا 50 رووداو و 70 قوربانی لە رێگای نێوان دوو قەزادا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 478‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

رێگای یەكسایدی نێوان هەردوو قەزای پێنجوێن و سەیدسادق كە درێژییەكەی تەنیا (40) كیلۆمەترێك دەبێت، یەكێكە لەو رێگایانەی بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێران و نەبوونی هێماكانی هاتوچۆوە بووەتە "رێگای مەرگ".


بەپێی ئامارێك كە دەست دواڕۆژ كەوتووە"لەماوەی نۆ مانگی رابوردوودا، زیاتر لە (50) رووداوی هاتوچۆ لەو رێگەیەدا روویانداوە و نزیكەی (70) قوربانییان لێكەوتووەتەوە".


كاوە مەعروف-ی شۆفێر بە دواڕۆژی وت:"ئەم رێگەیە كە درێژییەكەی نزیكەی (40) كیلۆمەتر دەبێت، رێگایەكی یەك سایدی پڕ لە هەوراز و پێچاوپێچە، بەڵام خاڵییە لە هێما و رێنماییەكانی هاتوچۆ".

شۆفێرێكی دیكە بە ناوی كەریم محەمەد دەڵێت:"تیژڕەویی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی زۆربوونی رووداوەكانی هاتوچۆ. تەنیا لە ماوەی 15 رۆژی رابوردوودا، چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. رۆژانە جگە لە ئوتومبێلی تایبەتی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بەهۆی بوونی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ و سەیران بەن-یشەوە، سەدان  تانكەری سووتەمەنی بەم رێگایەدا هاتوچۆ دەكەن كە تەنیا پێنج رێنمایی هاتوچۆی تێدا دانراوە، ئەوانیش دوانیان شكاون و دوانیان نووسینەكەیان كاڵ بووەتەوە و  ئەویتریشیان زۆر بە نزمی دانراوە".

لایخۆیەوە، زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن، بۆ دواڕۆژی دەڵێت:"داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی كردووە ژمارەیەك تابلۆی ئاماژەدان بۆ هاتوچۆكردن لەو رێگایانە دابنرێن، جگە لەوەیش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بە دووسایدكردنی رێگاكەی خستووەتە پلانی كاركردنیەوە".

بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن، تەنیا لەماوەی نۆ مانگی رابوردووی ئەمساڵدا، زیاتر لە (50) رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە نزیكەی (60) كەس بریندار و (10) كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی، لەساڵی2012دا بڕیاریدا بە دوو قۆناغ رێگاكە بكرێتە دووساید و بڕی 46 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەڵام دوای حەوت ساڵ و لەئێستادا تەنیا 15 كیلۆمەتری جێبەجێكراوە.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure