مەسعود حەسۆ: لەدەستدانی سەرێكانی مانای وانییە شەڕ كۆتایی دێت، لە رۆژئاوا ئیرادەی خەڵك بەهێزە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 536‌ جار بینراوە
مەسعود حەسو

دواڕۆژ، سامان قوبادی


(كارەساتێكی مرۆیی لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەیە) ئەمە وتەی مەسعود حەسۆ نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوایە لە هەرێمی كوردستان و لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا دەڵێت:"پاش سەرێكانی، توركیا هێرش دەكاتە سەر شارۆچكەكانی زەرگە و تەلتەمر"."سوپای سوریا و روسیا نزیكی سنوورەكان نابنەوە و دەیانەوێت هێزی سەربازیی ئێمە لاواز بێت".


دواڕۆژ: دوای پاشەكشەكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) لە سەرێكانی، داهاتووی رۆژئاوای كوردستان بەرەوكوێ؟

مەسعود حەسۆ: لەڕاستیدا رێككەوتنەكەی نێوان توركیا و ئەمریكا بۆ ئاگربەست نەبوو، ئەگەرنا  دەبوایە لەگەڵ پاشەكشەكردن لە سەرێكانێ بۆردوومانی توركیایش بوەستایە. دەوڵەتی توركیا ناوەستێت بەردەوام دەبێت لە هێرشكردن بۆ ناوچەكانی تر. هەر ئەمڕۆ بە 15 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی سەرێكانی هێرشی كردووەتە سەر گوندی (ئوم عەشبە)، كە 10 كیلۆمەتر لە سنووری توركیاوە دوورە. بەردەوامبوونی هێرشی توركیا كارەساتێكی مرۆیی لەسەر سنوور دروست دەكات، چونكە نزیكەی 2 ملیۆن كەس نیشتەجێن، بۆیە سیاسەتی توركیا بە ئاراستەی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و نیشتەجێكردنی خەڵكی بیانییە، مەترسییەكی گەورە بەڕێوەیە و داهاتووی رۆژئاوای كوردستانیش نادیارە. لەدەستدانی سەرێكانی مانای وانییە شەڕ كۆتایی دێت، لە رۆژئاوا ئیرادەی خەڵك بەهێزە. 


دواڕۆژ: بەپێی رێككەوتنەكە سوپای سوریا هاتووەتە ناوچە سنوورییەكان، بۆچی هیچ كاردانەوەیەكیان  نییە؟ ئایا پشتكردنە رێككەوتنەكەیە؟
 مەسعود حەسۆ: لە 2014دا داوامان لە سوپای سوریا كرد بێنە سەر سنوور و سەروەریی خاكی سوریا بپارێزن، بەداخەوە نەهاتن،  حكومەتی سوریایش  نایەوێت كورد لە رۆژئاوا كیانی خۆی هەبێت، ئێمە دەمانەوێت سیستمێكی دیموكرات دروست بكەین، لە ماوەی 8 ساڵی رابوردوودا یەك فیشەك لەلایەن ئێمە بەرەو رووی سنووری توركیا نەتەقێنراوە، بۆیە پیلانەكە بۆ لەناوبردنی كورد و سڕینەوەیەتی. بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی سورییش نایەوێت خۆی تێبگەیەنێت، جگەلەوە سوپای سوریا لە ناوچەكانی دوور لە شەڕ جێگیر بووە، ئەگەر بهاتنایە رۆژهەڵاتی سەرێكانی دەتوانرا رێگریی لە پێشڕەویی توركیا بكرایە، چاوەڕێ دەكرێت لەداهاتوویشدا مەترسی لەسەر رژێمی سوریا دروست بێت.


دواڕۆژ: ئایا چاوەڕوان دەكرێت رووبەڕووبونەوە لەنێوان سوپاكانی سوریا و توركیا دروست بێت؟
مەسعود حەسۆ:  لەو باوەڕەدا نیم شەڕ لەنێوانیاندا دروست بێت، چونكە پێشتریش جەرابلوس  و عەفرین و ئیدلب داگیركران، هیچ هەڵوێستێكمان نەبینی. 


دواڕۆژ: سوپای توركیا دەیەوێت بەدرێژیی 32 كیلۆمەتر تا سنووری عێراق پێشڕەویی بكات، بەم پێیە  قامیشلۆ-یش گەمارۆ دەدرێت، كەواتە پێدەچێت نزیكەی نیوملیۆن كەس لەو شارە رووبەڕووی كارەساتی مرۆیی ببنەوە، وانییە؟
مەسعود حەسۆ: توركیا دەیەوێت 440 كیلۆمەتر لە خاكی رۆژئاوا داگیربكات، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر، بۆیە قامیشلۆ-یش داگیردەكرێت، نەك هەر لەوێ بەڵكو لە سەرانسەری سنوور كارەساتی مرۆیی روودەدات.


دواڕۆژ: جگە لە توركیا هەر لایەنێكی تر ناوچەی ئارام دروست بكات، ئایا قبووڵ دەكرێت؟
مەسعود حەسۆ: داوامان كرد لە هێزێكی تری نێودەوڵەتی ناوچەی ئارام دروست بكات و پارێزگاریی لە سنووری ئێمە و توركیایش بكات، هیچ دەوڵەتێك نەهات بەدەنگمانەوە، قبووڵە جگە لە توركیا هەر هێزێكی تر ناوچەی ئارام دروست بكات، ئێستا كە ئەمە نەكرا توركیا پاش دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە دەست بە گۆڕینی دیموگرافیاكەی ناوچە كوردییەكان دەكات، لەمەودوا شتێك نامێنێت بەناوی سنووری نێوان دوو دەوڵەت بەڵكو پارچەپارچەكردنی ئەو ناوچانە دێتەئاراوە، تەنانەت لە گرێ سپی تائێستا100 ماڵباتی بێگانە نیشتەجێكراون، بۆ رێگریی لەم پیلانە پێویستە یەكێتی گەلی كورد لە هەر چوارپارچە پێكبێت، گۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت. 


دواڕۆژ: كەواتە بۆچی رێككەوتنەكەتان لەگەڵ سوپای سوریا جێبەجێنەكرا؟
مەسعود حەسۆ: حكومەتی سوریا هیچ ئیرادەیەكی سیاسی و سەربازیی نییە، تەنیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شەرعیەتی هەیە، ئەم سوپایە ناتوانێت رووبەڕووی سوپای توركیا بێتەوە و رێگریی لێ بكات، تەنانەت لاوازبوونی كورد لە رۆژئاوا لە بەرژەوەندیی حكومەتی سوریایە، بەهەمانشێوە ئەمە بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی تریش راستە، بۆیە سوپای سوریا لە سنوور نزیك نابێتەوە، مەبەستیەتی لە رووی سەربازییەوە هەسەدە نەمێنێت.


دواڕۆژ: پاش هێرشی سەرێكانی، بەپێی زانیارییەكانتان توركیا بۆ كام ناوچە پێشڕەویی دەكات؟
 مەسعود حەسۆ: دوای سەرێكانی ئامانجی توركیا شارۆچكەی زەرگە-یە، كە ئێستا هەوڵی پێشڕەویی دەدات بۆ ئەوێ‌، پاشان شارۆچكەی تەلتەمر گەمارۆ دەدرێت،  چاوەڕێ‌ دەكرێت كارەساتێكی مرۆیی لە چەند رۆژی داهاتوودا دروست بێت، بەڵام دڵنیاین خەڵكی ئەو ناوچانە دژی سوپای توركیا دەوەستنەوە، ئێمەیش بۆیە رێككەوتنمان لەگەڵ سوپای سوریا كرد تا ئەمە روونەدات.


دواڕۆژ: ئێستا كە هێزەكانی ئەمریكا لەوێ نەماوەن، پێتوایە بۆچی روسیا نایەتە ئەو ناوچانە؟
 مەسعود حەسۆ: هەر سەربازگەیەكی ئەمریكی كە چۆڵ دەكرێت، هێزی سوری یان هێزەكانی ئێمە یان سوپای روسیای لێ جێگیردەبێت، ئەو رێككەوتنە بەسەرپەرشتی روسیا كراوە و نایەتە ئەو ناوچانە، دەیەوێت  هێزی سەربازیی كورد لاواز بێت.


دواڕۆژ: ئایا چارەنووسی رۆژئاوای كوردستان پەیوەستە بە بڕیاری مەزڵوم كۆبانی-یەوە؟
مەسعود حەسو: تاكەس بڕیار نادات، بەڵكو بەڕێوەبەری سەربازی و سیاسی هەیە، هەڤاڵ مەزڵوم فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، ئەركی ئەو سەربازییە، بڕیاری سیاسی بەدەست خەڵكی ترە.
   
پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure