سێ به‌رپرسی كورد ده‌ستگیركران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 17969‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌م، حكومه‌تی توركیا سێ سه‌رۆك شاره‌وانی كوردى له‌ باكووری كوردستان ده‌ستگیركرد و بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا دادگایی بكرێن
.

عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ عه‌دنان سه‌لجوق مزراكلی، سه‌رۆكی شاره‌وانی دیاربه‌كر، ئۆرهان ئایاز سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی بسمیل و كه‌زبان یه‌ڵماز سه‌رۆك شاره‌وانی كایاپنار له‌ باكورى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌ستگیركران و ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش كراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌".

له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان كراوه‌، عابد ئیكه‌ وتی:" توركیا تۆمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ رێكخراو و گروپی نایاسایی   ئاڕاسته‌ى ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كورد نه‌توانێت له‌و شوێنانه‌ی زۆرینه‌ خزمه‌ت بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌نگه‌كانی زیاد نه‌كات".

وتیشی: "دوای دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌، كه‌سانی دیكه‌ وه‌ك قه‌یوم ( جێگره‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ) خرانه‌ شوێنه‌كانیان".

نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێم ئاماده‌ به‌وه‌شده‌كات: هه‌فته‌ی رابوردوو سێ سه‌رۆك شاره‌وانی دیكه‌ دوورخرانه‌وه‌ و ده‌ستگیركراون، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانیانه‌ی كه‌ تائێستا ده‌ستگیركراون زیاتره‌ له‌ 80 سه‌رۆك شاره‌وانی كورده‌.

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure