مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ ئاشكرا ده‌بێت

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 18519‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى بڵاویكرده‌وه‌ "خواستنى سه‌رۆكى توركیا زیاتره‌ له‌ داگیر كردنى سوریا"، ئاشكراشیده‌كات "ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت چه‌كى ئه‌تۆمى هه‌بێت".


رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى له‌ نوێترین راپۆرتیدا كه‌ له‌باره‌ى سیاسه‌ته‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا  و دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى رۆژئاواى كوردستان كه‌ له‌ژێر ناونیشانى "خواسته‌كانى ئه‌ردۆغان زیاترن له‌ داگیركردنى سوریان ده‌ڵێت: چه‌كى ئه‌تۆمى ئه‌وێت"، ئاشكرایكردووه‌ "خواسته‌كانى ئه‌ردۆغان زیاترن له‌ داگیركردنى سوریا، چونكه‌ ده‌یه‌وێت چه‌كى ئه‌تۆمى گه‌شه‌پێبدات به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى، پڕۆگرامى نهێنى هه‌یه‌، كه‌ ئاسایشى ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

نیویۆرك تایمز ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "به‌هۆى ئه‌م خواستنه‌ى سه‌رۆكى توركیاوه‌ ئه‌مریكا ترسى له‌و بۆمب و چه‌كانه‌ى دروستبووه‌ كه‌ دایناون له‌ بنكه‌ى سه‌ربازى ئه‌نجه‌رلیك له‌ توركیا".

به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرته‌، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ى ده‌ست به‌ ئۆپراسیۆنى (كانى ئاشتى) و له‌شكركێشییه‌كانى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان بكات، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى حزبه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌: "به‌شێك له‌ وڵاتانان چه‌كى ئه‌تۆمیان هه‌یه‌ و وڵاتانى رۆژئاوا پێیانوایه‌ ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و چه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنین، من ئه‌و شته‌ قبوڵده‌كه‌م!".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ جۆن جه‌ى هامرى، جێگرى وه‌زیرى به‌رگرى پێشووى ئه‌مریكا كه‌ ئێستا سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ ستراتیژى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى واشنتن به‌ڕێوه‌ده‌بات بۆ نیویۆرك تایمز رایگه‌یاندووه‌: "ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ توركیا ئه‌وه‌ى دوپاتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌مان ئه‌و هه‌نگاوانه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران ئه‌نجامیداون، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ بابه‌ته‌كه‌ جیاوازه‌، چونكه‌ توركیا سوود له‌ كشانه‌وه‌  هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بینێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا هاوشێوه‌ى ئێران بڵێت: ده‌توانێت چه‌كى ئه‌تۆمى به‌ده‌ستبهێنێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى نیویۆرك تایمز "ئه‌ردۆغان ده‌توانێت چه‌كى ئه‌تۆمى به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵام كه‌متر له‌وه‌ى كه‌ له‌ئێستادا ئێران كۆیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ خاوه‌نى پڕۆگرامى به‌رهه‌مهێنانى بۆمبه‌ له‌ ئێستادا و په‌یوه‌ندییه‌كى ناڕوونى له‌گه‌ڵ تۆڕێكى ره‌شى به‌ناوبانگى شاره‌زا له‌ چه‌كى ئه‌تۆمى هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌بوو قه‌دیر خانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌رى چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى پاكستانه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو "له‌ ئێستا به‌ هاوكارى روسیا توركیا سه‌رقاڵى بونیادنانى گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى وزه‌یه‌، بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆى جێگه‌ى نیگه‌رانى و گومانه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆغان ورده‌كارى چۆنیه‌تى به‌رهه‌مهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌".

یه‌كێكى تر له‌ مه‌ترسییه‌كانى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى توركیا و سیاسه‌ته‌كانى بریتیه‌ له‌ هه‌بوونى 50 بۆمبى ئه‌تۆمى ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ى ئه‌نجه‌رلیك، كه‌ ئه‌مریكا هیچكات دانى به‌هه‌بوونیاندا نه‌ناوه‌ تا پێنجشه‌ممه‌ى رابووردوو كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ ئه‌و بابه‌ته‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتى: "ئێمه‌ هیچ نیگه‌رانییه‌كمان له‌باره‌ى چه‌كه‌كانمانه‌وه‌ نیه‌ له‌ ئه‌نجه‌رلیك، چونكه‌ هێزێكى زۆرى ئاسمانیمان له‌وێ هه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌هێزن و ده‌توانن چه‌كه‌كانمان بپارێن".

ئا: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure