دواڕۆژ ئه‌و پڕۆژانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌ بڕی 500 ملیار دینارەكه‌ جێبه‌جێده‌كرێن

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 708‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پلاندانان ئاشكرایده‌كات "ئه‌و 500 ملیار دیناره‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌رخانی كردووه‌ خۆی له‌ دروستكردنی سایلۆ، كاره‌با و رێگاوبان دەبینێتەوە و له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن". 


زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکان له‌ وەزاره‌تی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم، به‌ دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئه‌و بودجه‌یه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ته‌رخانی كرد له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی پی جێبه‌جێ ده‌كرێت". 

وتیشی: "بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان به‌ باشیی، سه‌رۆكی حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی، پلاندانان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهێناوه‌ و كاری ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌یه بەو خشته‌یه‌ی بۆ پڕۆژه‌كان داندراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زووترین كاتدا جێبەجێ بکرێن و سه‌ره‌تاش ئەو پڕۆژانە ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردن كه‌ خزمەتگوزارین و سودی راسته‌وخۆیان بۆ ھاووڵاتیان هه‌یه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پڕۆژه‌كان كراون به‌ دوو به‌ش، به‌شی یه‌كه‌م پڕۆژەکانی گەشەپێدانه‌ كه‌ له‌ ھەرچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێده‌كرێن كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكان جێبەجێده‌كرێن ئه‌مانه‌ش به‌ گشتی پێیانده‌وترێت پڕۆژەی بچووک كه‌ له‌ یه‌ك تا دوو ملیۆن دۆلاریان بۆ ته‌رخان كراوه‌. 

روونیشیكرده‌وه، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌ 85%ی پڕۆژه‌كان بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنیان كراوه‌ كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ 184 پڕۆژه‌ن و قۆناغی دووه‌میش ئەو پڕۆژانەن کە له‌ 75%ی جێبەجێ کراوەو ئەو پرۆژانەش پارەیان بۆ دابینكراوه‌و تەواو دەکرێن.

زاگرۆس فه‌تاح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ده‌ پڕۆژه‌ی ستراتیژی كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه،‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ دروستكردنی سایلۆ كه‌ له‌ دهۆك له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش، له‌ هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی قوشته‌په‌ و له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانیش له‌ قه‌زای كه‌لار، پڕۆژه‌یه‌كی تریش دروستكردن و ته‌واو كردنی رێگاوبانه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆر باشی ده‌بێت بۆ باشتر كردنی رێگاوبانه‌كان و ره‌وشی هاتووچۆ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ستانداردی جیهانی دروستده‌كرێن كه‌ له‌وانه‌ پێنج پڕۆژه‌یان له‌ سنوری پارێزگای سلێمانییە و یەکەمیان ڕێگای دەربەندی ڕانیەیە کە دەستی پێکردووە، ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، ڕێگای کەلار- کفری، کە لە ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبەجێدەکرێت، لە پارێزگای ھەڵەبجەش، ڕێگای نێوان ھەڵەبجە – سەیدسادق، کە ماوەیەکی باشە دەستی کردووە بە کارکردن، ھەروەھا ڕێگای نێوان دووکان - چوارقوڕنەش تەواو دەکرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پلاندانان ده‌شڵێت: "دوو پڕۆژەکەی تریش ڕێگای ھەولێر- دھۆک، پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمیش بە دوو قۆناغی جیاواز جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم، ڕێگای ھەولێر- گۆپاڵە، قۆناغی دووەم، ڕێگای ڕۆڤیا بۆ گۆپاڵە"یە.

فه‌تاح ئه‌وه‌شی وت: "سه‌رجه‌م ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخانكراوه‌ له‌ماوەی دوو ساڵ پڕۆژه‌كانی پێ جێبه‌جێده‌كرێت و پاره‌كه‌ش به‌ قۆناغ خه‌رجده‌كرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure